لەشاری سلێمانی پلانێكی نوێی خۆپارێزی لەكۆرۆنا جێبەجێ دەكرێت

‌ناو بازاڕی سلێمانی.. فۆتۆ: ناسیح عەلی خەیات، ئەرشیڤ

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بڕیارە لەم هەفتەیەوە لەشاری سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكان داوا لەهاوڵاتیان و دوكانداران بكرێت زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا بن.


عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی لەبەرنامەیاندایە لەڕێگەی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی هاتووچۆوە هۆشیاری زیاتری خۆپارێزی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێو هاوڵاتیاندا بڵاوبكەنەوە و رێكاریش بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان بگیرێتەبەر.

ناوبراو روونیكردەوە، خودی خۆی ئەم چەند رۆژە چاودێریی خەڵكی كردووە كە تاڕادەیەك پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزین، هەرچەندە ئەوەش هێشتا لەئاستی تموحیاندا نییە، بەڵام پابەندبوونی خەڵك جێی دەستخۆشییە، بۆیە ئەگەر خەڵك بەم شێوەیەی ئێسا پابەند بن، دەكرێت بوترێت لەداهاتوودا مەترسییەكانی كۆرۆنا تاڕادەیەك كەمتر دەبنەوە.

به‌پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ هه‌رێم بووە هەزار و 467 تووشبوو، هەروەها 28 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.


PM:03:12:09/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت