کۆمەڵ: کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوەی حکومەت نەبێت، بەشدار نابین


وێستگەنیوز-
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بکرێت، بەڵام هەر کۆبونەوەیەکی پەرلەمان ئەگەر بەرنامەی کاری لێپرسینەوە نەبێت لە حکومەت، ئەوان بەشداری تێدا ناکەن.

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان ناکەن، چونکە لە دوای "بەزمەکەی 7 ی ئایاری ڕابردوو کە پارێزبەندی لەسەر کاک سۆران عومەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ هەڵگیرا، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا نەهاتووە و ئەو جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوەیەش کاری گەورەی لێچاوەڕوان ناکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەم دۆخە سەختەدا و بەم هەموو قەیران و کێشە و گرفتەی بۆ خەڵک دروستکراوە، پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتیەکەی جورئەتی باسکردنی لێپرسینەوەشی لە حکومەت نیە کە بەرپرسی ئەم هەموو قەیرانەن و کێشەیەن، کۆبوونەوە و کۆنەبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان چی لە بارگرانی خەڵک کەمدەکاتەوە و چەند لە برینیان ساڕێژ دەکات ؟! ".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ئەوەشی خستوەتەڕو، دەبوو پەرلەمان بەجدی لەسەر خەت بوایە بۆ موچە و گوزەرانی خەڵک، نەک کۆتا کەس قسە بکات، "قسەکردنەکەشی هەر هێندەی بێدەنگییەکەی کاریگەریی هەبێ !".

باسی لەوەشکردوە، "هەرکات کۆبوونەوە بۆ دانانی ئەجێندا و بەرنامەی کۆبوونەوەی تایبەت بە بانگهێشت و لێپرسینەوە لە حکومەتی هەرێم بێت، ئێمە بە جدی بەشداری دەکەین و پێویست بوو پەرلەمان خەریکی ئەم هەنگاوە بوایە نەک خۆ خەریککردن بە شتی لاوەکی ! بۆیە بڕیارماندا بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکەین و کۆبوونەوەی لەوجۆرەش بە پێویست نازانین".


AM:08:42:09/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت