هەولێر.. بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان 284 شوێن داخران


وێستگەنیوز-
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییە خۆپارێزییەکان کە تایبەتن بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا 284 شوێن لە "خواردنگە، بەنزینخانە، ئاریشگەی ئافرەتان، مارکێت، مینی مارکێت، سەرتاشخانە، نانەوەخانە، دوکانی فرۆشتنی سەوزە و میوە" داخراون.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمرۆ شەممە لەلایەن لێژنەکانی چاودێری و تەندروستی لەسنووری هەر 10 قایمقامییەتەکەی پارێزگای هەولێر، بەهۆی پابەند نەبوون بەرێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، (284) شوێن داخراون.

ئەوەش هاتوە، ئەو شوێنانەی داخراون پێکهاتون لە (خواردنگە، بەنزینخانە، ئاریشگەی ئافرەتان، مارکێت، مینی مارکێت، سەرتاشخانە، نانەوەخانە، دوکانی فرۆشتنی سەوزە و میوە، رونگۆڕ، فرۆشیاری مۆبایل، شیرنەمەنی، جوانکاری ئۆتۆمبێل، گۆشت فرۆش، زێڕینگر، ئوتوی هەڵمی، نووسینگەی خانووبەر، شوێنی گەشتیاری، کۆگا) داخران.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داواش لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن و "هەستیارانە مامەڵە بکەن و بەپێی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەستکێش و دەمامک ببەستن، تاوەکو لەپێناو پارێزگاری لە تەندروستی گشتی دووچاری سزادان و ڕێکاری یاسایی نەبنەوە".


PM:11:09:06/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت