فازڵ میرانی لەبارەی بەشداربون لە کۆبوونەوەیەکی میت" رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-

نوسینگەی رۆژنامەوانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دەنگۆی بەشداریکردنی فازڵ میرانی لە کۆوبونەوەیەکی "دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك" و بڵاوکردنەوەی لەلایەن میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دورە لە راستییەوە و داوا دەکات دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان لە هەواڵی بێ بنەما بەدور بگرن.

نوسینگەی رۆژنامەوانی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، "بەشی توركیی ئاژانسی "فوڕات نیوز"ی سەر بە پەكەكە، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە گوایە بەڕێز فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەیەكی كردووە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك بە مەبەستی ئامادەكردنی هێزێكی 200 كەسی كە جلوبەرگی پەكەكەیان لەبەردا بێت و چەندین شوێن ودەزگای هەستیاری وەكو پۆلیس و ئاسایش بكەنە ئامانج بۆ بیانووگرتن بۆ لێدانی دەنگی ناڕازیی ناوچەی بادینان و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان دواتریش بەم بیانووەوە پەكەكە بكرێتە ئامانج و لە بارەگاكانی بدرێت".

لەوبارەیەوە نوسینگەی رۆژنامەوانی فازڵ میرانی دەڵێت، "وێڕای بەدرۆخستنەوەی سەرلەبەری هەواڵەكە، بە پێویستمان زانی روونی بكەینەوە كە بەڕێز فازڵ میرانی بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی لەم جۆرەی نەكردووە. داواش دەكەین ئەم ئاژانسانە بیر لە میسداقیەتی خۆیان بكەنەوە و چیتر خەڵك بە هەواڵی بێ بنەما چەواشە نەكەن".


AM:08:45:05/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 4284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت