نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شوبات


وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی عیراق 400 ملیار دینارەکەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیارە لەم هەفتەیەوە لیستی نوێی مووچە رابگەیەندرێت.

بەپێی زانیارییەکان، بەغدا 400 ملیارە دینارەکەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سەرجەم بانکەکاندا کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت بۆ چۆنێتی دابەشکردن و راگەیاندنی لیستی نوێی مووچە، کە ئەو مووچەیەی دەدرێت، دەکاتە مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ.

هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت لەم هەفتەیەوە وەزارەتی دارایی لیستی نوێی مووچە رابگەیەنێت و بڕیارە هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو یەکەم وەزارەت کە مووچە وەردەگرێت، وەزارەتی ناوخۆ بێت، بەڵام وەزازەتەکانی دوای ئەو گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و لە لیستی نوێدا مامۆستایان پێشبخرێت.

لە ئێستادا، فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە مانگی‌ ئایاردان، بەڵام هێشتا مووچەی‌ مانگی‌ شوباتی 2020 یان وەرنەگرتووە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نەدەدرا ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەکاربهێنێت.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عیراق ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتبوو، لە چەند هەفتەی رابڕدووشدا چەند جارێک شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

لە 22ی ئەم مانگەشدا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو 400 ملیار دینارە کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەکردبوو، ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکەوێتە دوای دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی عیراقەوە.


سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕ تی


PM:10:14:29/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 30376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت