ناردیان پارێزگاری‌ سلێمانی‌ بكوژێت

‌د. ساماڵ مانی

وێستگه‌ نیوز-

یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و پارته‌ كوردییانه‌ی‌ كه‌ ژن رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌رده‌می‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریدا، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ڕه‌خنه‌گرتن له‌فه‌رامۆشكردنی‌ رۆڵی‌ ژن له‌ناو ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌نگی‌ به‌رزه‌.

ئێستا كه‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان یادی‌ 45 ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌كاته‌وه‌ زۆرترین تیشك ده‌خرێته‌ سه‌ر رۆڵی‌ پیاوان له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌داو رۆڵی‌ ژنان له‌په‌راوێزداباس ده‌كرێت. كه‌ ئه‌مه‌ش زۆرجار ناڕه‌زایه‌تی‌ لێ‌ كه‌وتۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌ی‌ شان به‌شانی‌ پیاوه‌ پێشمه‌رگه‌كان ژیانی‌ خۆیان و خێزانه‌كه‌یان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی‌ له‌ناو هه‌زاران پیاودا له‌ناو یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان چه‌كی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ كردۆته‌ شانی‌ و چه‌ندین جار كه‌وتۆته‌ شه‌ڕه‌وه‌و له‌رێگه‌ی‌ كڵانشیكۆفێكه‌وه‌ ته‌قه‌ی‌ له‌ كۆپته‌ره‌ زه‌به‌لاحه‌كانی‌ ڕژێمی‌ به‌عس كردووه‌. ساماڵ مانییه‌، كه‌ له‌ناو شۆڕشی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌ناوی‌ دایكییه‌وه‌ "ڕابی‌ بانگ كراوه‌.

وێستگه‌ نیوز، وه‌ك ڕێزێك له‌خه‌بات و ماندووبونی‌ ژنان له‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ شۆرشی‌ گه‌لی‌ كوردستان چه‌ند په‌ڕه‌یه‌كی‌ یاده‌وه‌ری‌ د. ساماڵ مانی‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ كه‌ چه‌كی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ له‌شان بوو، به‌ڵام له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕین له‌ساڵی‌ 1993 به‌ته‌واوی‌ واز له‌حزبایه‌تی‌ ده‌هێنێت. ناوبراو له‌ ناوه‌ڕاستی‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ له‌ بریتانیا ده‌ژی‌ و مامۆستای‌ فه‌لسفه‌یه‌و له‌زانكۆكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وانه‌ی‌ وتۆته‌وه‌و یه‌كێكه‌ له‌قه‌ڵه‌مه‌ ژنه‌ ناسراوه‌كان.

د. ساماڵ مانی‌، ده‌ڵێت: هه‌موو و دەزانن کە من لە دوای ڕاپەڕینەوە و بەتەواوی لە ١٩٩٣ وە بە بڕیارێکی خۆم نە کەسێکی حیزبیم و نە سیاسیکار، نە لە کوردستان و نە لە بەریتانیا و نە لەسەر گۆی زەویدا، بۆیە وێنەی پێشمەرگایەتیم بە دیواری مێژوودا هەڵواسراوە. لەوساوە، سەربەخۆیی و ئەکادیمی و فەلسەفە پڕ بە پێستمە، کردوومن بە ماڵ و شار و نیشتیمانم (سەربەخۆیی ماڵی هەمیشەییمە، ئەکادیمی ئەو شارەیە کە دەتوانم تیایدا بژیم، فەلسەفەش ئەو نیشتیمانەیە کە لەو باشتر لە ژیاندا نابینم.

به‌شێك له‌ یاده‌وه‌رییه‌كان ڕاسته‌وخۆ له‌زمانی‌ خۆیه‌وه‌
* ناردیان بۆ كوشتنی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌

لە یەکەم جاری چونە شاخم لە ١٩٨٠ دا- ناچمە وردەکاریەوە- وەکو پێشمەرگەی ناوشار ناردمیانەوە بۆ شار و وتیان " تۆ حەیفە لەشاخ بکوژرێیت". بەڵام پاش ساڵێک لە دوای ناردنەوەم بۆ شار داوایان لێکردم بە سەرپەرشتی ئەوان، خۆم بە تەنیا ئەرکی کوشتنی پارێزگاری سلەیمانی بەجێبگەیەنم. پێش ئەم داواکاریە لەبەرئەوەی 'پێشمەرگەی ناوشار' هەموو پیاو بوون ، لەبەر ئەوە داوام لێکرابوو بە دەمانچە چواردەخۆرەکەی خۆم و لە ماڵی خۆمدا لە شار، ڕاهێنانی سەربازیی/پێشمەرگایەتی بە دوو کچیتری زۆر بوێر و ئازا بکەم لەشانەکەمدا (ئەلف) و (ت) بە مەبەستی پێک‌هێنان و زیاکردنی ژمارەی کچە ئازاکان و دروستکردنی بەشێک لە پێشمەرگەی ناوشاری تایبەت بە ژن. زوو زووش سیمیناری فەلسەفەی سیاسیم بۆ ئەکردن و ڕاهێنانم پێ ئەکردن خۆیان سیمینار لەسەر خوێندنەوەکانیان بکەن. ئەو ڕۆژەی وتیان ئەرکی منە پارێزگاری سلەیمانی بکوژم، حەپەسام، بیرکردنەوە لە شەڕە سەربازییەکان و ئەنجامدانی کوشتنی یەک کەسی ڕووبەڕوو، هێندەی ئەرز و ئاسمان جیاوازە و هۆش و هەست وبیرکردنەوەی لەرزاندم.

لە ماوەی گەڕانەوەمدا لە ناو شار پێشمەرگە بووم، ئامادە بووم بکوژرێم بەڵام بیرم لە کوشتنی کەس نەکردبۆوە. چەندین ئەرکیترم ئەنجامدابوون کە ئەرکی سەربازی/پێشمەرگایەتی بوون و لەگەڵ ئەو دوو کچە ئازایە و چەند پیاوێکی ئازا و بوێری (پۆلی قەڵا) کە لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین. لەهەمویاندا هەرکاتێک پێویست بوایە دەستم ئەکردەوە و هەمیشە ئەو دەمانچەیەی خۆمم پێ بوو لەو ئەرکانەدا. هەموو ئەم ئەرکانە بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، بەشداری لە ڕێکخستن و جێبەجێ کردنی خۆپیشاندان و مانگرتنی سلەیمانی، لەسەروو هەمویانەوە ئەرکی سوتاندنی زیلەکانی بەردەکی سەرای سلەیمانی/یان وەک خەڵک ناویان نابوو کردنەوەی ئاگری نەورۆز بە نوێژی نیوەڕۆ بە دەنگی لورەی سەیارەی 'نەجدە' وە. سەرەڕای کۆبوونەوە و ئیشیتر کە هەموو لە ڕێکخستندا دەیانکردن و منیش لەگەڵیاندا وەکو بەیان بڵاوکردنەوە و بەیان خستنە ماڵەکانەوە بەشەوان لە کاتێکدا کە 'نەجدە' ئۆتۆمبێلی پۆلیس لەسەر سوچی کۆڵانەکاندا شەوانە خۆیان مات ئەدا بۆ گرتنمان،هتد.

هەموو ئەمانەم کرد بێ دوودڵی، بەڵام کە داوایان لێکردم پارێزگاری شاری سلەیمانی بکوژم، هێشتا قسەکەیان تەواو نەکردبوو یەکسەر هێنامە بەرچاوم چۆن ئەیکوژم و زانیم ناتوانم، بێگومان بووم لەوەی ناتوانم، ئەو خێرا ڕەتکردنەوەیەم تێیگەیاندم کە هەرگیز ناتوانم کەس بەرەوڕوو بکوژم. هەستم کرد ئەوە کەم و کوڕییەکە لە منی شۆڕشگێردا، زانیم لەو بیرۆکەیەی ئایندەشدا داوای ئیشی لەو جۆرەم لێدەکرێت و لە هیچ بیرۆکەیەکی ئایندەشدا ناتوانم وەکو پێشمەرگەی ناوشار ئیشبکەم. ئەوەی لە منا هەبوو زیاتر حەزکردن لە تێگەیشتن بوو بە تێگەیشتنی زانستی سەربازیشەوە، ئەو حەزی تێگەیشتنە بە کەڵکی ئەوە نەدەهات 'ئیغتیالات' بکەم. هەر ئەو دەقەیەی کە داوام لێکرا پارێزگاری سلەیمانی بکوژم، بێ ئەوەی هەناسەیەکی پێ بچێت، ووتم: " نایکەم، ببورن ناتوانم"، گوێم لێ نەبوو ئەوان دەیانووت چی، چونکە من بیرم لەوە دەکردەوە هەر ئەو دەقەیە داوا بکەم بمنێرنەوە بۆ شاخ، ووتم: " تکایە ئەمەوێت لەوێ لە شاخ بەردەوام بم"، پێش ئەوەی گوێ لە وەڵامەکەیان بگرم، ووتم: " بمنێرنەوە یان نا، سبەینێ خۆم ئەچمەوە شاخ". ئیتر سەرۆکی رێکخستنەکانی شار پیاوێکی زۆر نەرم و میهرەبان بوو و داواکەی جێ بەجێکردم و خۆشی هەر لە کاتی گەڕانەوەی مندا کە کاتی کۆنفرانسی دوەەم بوو هاتە کۆنفرانسەکە وهەڵبژێررا بە ئەندامی سەرکردایەتی و ماینەوە لە شاخ.

کات تێپەڕی و من ئاگام لە پێشمەرگەی ناوشار و ڕێکخستنەکانی شار نەما و لە شاخ بیستم بیرۆکەی دروستکردنی بەشێکی پێشمەرگەی ناوشار لە ژنان، هەڵوەشاوەتەوە. دواتریش، ئەرکی کوشتنی پارێزگاری سلەیمانی کە ماوەیەک بێدەنگییان لێکردبوو، سەریهەڵدایەوە و ئەمجارە ئەرکەکەیان سپاردبوو بە تیمێک لە ژن و پیاوی زۆر ئازا. بەداخەوە ڕۆژێک پێش ئەنجام دانی ئەرکەکەیان هەموویان گیرابوون و حوکمی ئیعدام/لەسێدارەدان و کوشتنیان لەسەردرابووو، لێیان شەهید کردبوون. هاوڕێ (ئەلف) یەکێک بوو لەو دوو ژنەی کە من پێشتر ڕاهێنانم لەسەر چەک پێدەکردن لە شار، ئەو لەو تیمەدا بوو، کە لە ژێر سەرپەرشتی مندا بوو هەر بە دەمانچەکەی خۆم کە پێم بوو لە ماڵی خۆمدا ڕاهێنانی سەربازیم پێکردبوو. (ئەلف) لە کاتی دانوستانەکەی نێوان شاخ و حکومەتدا لەگەڵ کۆمەڵێکیتر لە زیندانی سیاسیدا کە هەموویان حوکمی لەسێدارەدانیان لەسەر بوو، ئازاد کران. (ئەلف) هاتە شاخ و ئەو کات سەرکردایەتی لە سورداش بوو، ئەویش لەوێ دەمایەوە بەڵام سەردانی مقەڕی ئێمەشی دەکرد 'کەرتی رێکخستنی دوکان' کە لە شەدەڵە بوو ئەوکاتانە. شەدەڵە دێیەکی زۆر جوانی پڕ درەخت و سەوزایی بوو، نزیک بوو لە هەڵەدن و سورداش و سەرگەڵوو و بەرگەڵوو.

ماوەیەک بوو، وەکو یەکەم پیشمەرگەی ژن کرابووم بە 'کادر' و گواسترابوومەوە بۆ مقەڕی 'کەرتی رێکخستنی دووکان' لە هەڵەدن و پاشان لە شەدەڵە. ئەوکات ئەو بە کادر بوونەی من لەوێ زۆر گرنگ بوو، چونکە پێشمەرگەی ژن بووم و هیچ پلەیەکی لەوە بەرزتر هێشتا نەدرابوو بە پێشمەرگەی ژن. پاش دنیایەک لە ئەزموونی ناو شار و شاخ، ئەم پلەیە بە ڕەوا بینرابوو، پاش ئەوەش بوو کە وەکو پێشمەرگەیەکی ژن ماوەیەک لە مەکتەبی عەسکەری و ماوەیەک لە سەرکردایەتی چ لە ناوزەنگ و چ لە بەرگەڵوو/سەرگەڵوو و چ لە بالیسیان و باوزێ دوای ئەوێش ماوەیەک لە تیپی ٢١ی کەرکوک و ماوەیەک بۆ شەڕی بێتواتە لە پڵنگان بووم و هتد.

ئەو پلەی 'کادر'یەی کە بەخشرا بوو بە من، تا ئەوکاتی(ساڵی ١٩٨٤/١٩٨٣)، یەکەم پلەی بەرز بوو بدرێت بە پیشمەرگەیەکی ژن لای ئێمە، ئەو ژنەش من بووم. ئەوە وای کردبوو خۆشی و خەم بە پێکێک نۆش بکەم. خەم بوو، چونکە هەر لە شارەوە ئاشنا بووم بە سیستماتیک بوونی 'نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن'، لە شاخیش ئەو نادادپەروەریەم دەبینی و هێندە سیستەماتیک بوو کامەی باشترین کەس بوو بەسەریدا تێدەپەڕی و هەستی پێنەدەکرد.

بەو پلەیەوە کە بەرزترین پلەی پێشمەرگەی ژن بوو، چوومە کەرتی رێکخستنی دووکان، لەوێ بەرپرسی مقەڕ کاک فەرهاد بوو، ئەو دەیزانی کە دەتوانێت متمانەم پێ بکات بۆ بەڕێوەبردنی مقەڕیش. زۆرجار کە خۆی لەوێ نەدەبوو و بە ئیش دەڕۆیشت بۆ چەند ڕۆژێک، هەموو ئەو کاتانە من مقەڕم بەڕێوە دەبرد هەتا دەگەڕایەوە. ئەگەر من پێشمەرگەیەکی پیاو بومایە پێیان دەوتم 'جێگری بەرپرسی مقەڕ'، چونکە بە کردەوە و ڕیالیتی ئەوەم دەکرد. جگە لە کۆبوونەوە و سیمینار کردن بە دێهاتەکان، بەردەوام کۆبونەوەم بە پیشمەرگەکانی مقەڕ دەکرد و سیمینارم لەسەر بابەتی ئابووری و زانستی سەربازیی/پیشمەرگایەتی و فەلسەفەی سیاسی و بونیادی دەوڵەت و زانستی کۆمەڵناسی دەکرد.

لە مقەڕ، ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەمان لا بوو لە ١٩٨٤ دا، سەرەتای دانوستانکردن بوو لەگەڵ حکومەتی عێراق و ژمارەیەکی زۆریش 'فیرار' مان لا بوون، ئەوانەی خزمەتی سەربازییان بۆ حکومەتی عێراق ڕەفز کردبوو و هەڵاتبوون و هاتبوونە لای ئێمە بۆ شاخ. ئەوانە لە هەموو شوێنێک هەبوون بە ژمارەی زۆر، لای ئێمە یەک دوانێکیان تازە ببون بە پیشمەرگە و یەکێک لەوانە هاوڕێ (ب) بوو. هەموو ئەوانەی کە تازە دەبوون بە پیشمەرگە لە سەعاتی ئێوارەشەودا دەبوون بە پاسەوان، لەبەر ئەوەی سەرلەئێواران نە سوپای عێراق و نە جاش، نە حیزب و هێزە کوردەکانیتر هێرشییان نەدەکردە سەرمان، بە کاتی پاسەوانیی ئاسان لەقەڵم دەدرا، بە کوردیەکەی، هەموو کەسێک دەیتوانی بیکات.

هاورێ (ب) پیاوێکی باریکەلەی ئەسمەر و ئێسک سوک و باڵا مام ناوەندی بوو، زۆر بە ئەدەب بوو، قژێکی ڕەشی کەمێک لول و دەموچاوی کەمێک جوانکیلەی هەبوو، (ب) چەند جارێک پاسەوانی کردبوو سەرلە ئێواران.

ڕۆژێکیان هاوڕێ (ئەلف) – پێشمەرگە ژنەکە- هاتە لام ، بە خەمێکی قوڵەوە پێی ووتم: " هاوڕێ ڕابی، ماوەیەکە دووان لەو پێشمەرگانەی مقەڕی ئێوە گاڵتەم پێ ئەکەن، کە قسە ئەکەم پێم پێ ئەکەنن"، سەیری ناوچاویم کرد پڕ بوو لە خەم، ئەو خەمەی کە زیندان و ئەشکەنجە و بڕیاری حوکمی ئیعدام کردنی نەیانتوانیبو بیخەنە دەروونیەوە.

وەکو ئەو هەستم بەو ناڕەحەتیەی کرد، لێم پرسی:کێن؟

ووتی: " هاوڕێ (ب) و ئەو پیاوەی کە دایمە لەگەڵیایەتی".

پێشتر نەمبینیبوو و نەمبیستبوو (ب) وای کردببێت و ئەو بە پیاوێک ناسرابوو کە خاوەنی ڕەوشتێکی زۆر بەرز بوو لەگەڵ پێشمەرگە پیاوەکاندا، ئەو پیاوەش کە دایمە لەگەڵیدا بوو لە 'فیرارەکان' بوو، زۆر پەیوەندی بە مقەڕی ئێمەوە نەبوو باش نەمدەناسی. لە مقەڕ و لەو دەوروبەرمدا، هەرچیەک ڕووی بدایە لەناو پێشمەرگە پیاوەکان دەمبیستەوە، پێشمەرگە پیاوەکان لەناو خۆیاندا لەگەڵ ئەو هەموو مەحەبەتەیان بۆ یەکتری تا ئەو ڕادەیەی خۆیان لەسەر یەکتری ئەدا بە کوشت، بەڵام چەندین کێشەی جۆراو جۆریان هەبوون، هەر لە بیڕێزیکردن بەیەکتری، هەتا یەکتری شکاندن، کێبڕکێیەکی هەراسانکەر و ململانێیەکی زۆر، زۆربەی جار سکاڵایان بۆ دەهێنام.
بەڵام، ئەم کێشەیە تایبەت بوو بە پێشمەرگەی ژن، پێشمەرگە ژنێک هەتا بڵێی قارەمان و شایستەی ئەو پەڕی رێزلێگرتن و پلەی بەرز بوو لە ناویاندا، ئەو کێشەیە دای لە دڵم و بەتەمای چارەسەرکردنی بووم.

هەر ئەو هەفتەیە، ئێوارەیەکیان من و (ئەلف) پێکەوە چوین بۆ ماڵی شێخ........ لە شەدەڵە، بۆ نان خواردنی ئێوارە داوەت بوین، کە ماڵیان کەمێک لەولای مقەڕەوە بوو، مقەرەکەمان لەناو دارستانی ناو دێکەدا بوو، هیچ دوور نەبوو، چونکە دێیەکە زۆر چکۆلە بوو. هێشتا ڕووناک بوو کە چوین، زۆر نەماینەوە، بە هەمووی لە سەعاتێک زیاترمان پێ نەچوو. کە گەڕاینەوە، بڕیار بوو (ئەلف) تا مقەڕ بەدەم قسەکردنەوە بێت لەگەڵ من و نزیک لە مقەڕ من بەجێ بهێڵێت و بڕوات ، ئەو دەمانچەی پێبوو و من کڵاشینکۆف.

ئیتر زۆرنزیک بوینەوە لە مقەڕ و چەند هەنگاوێکی کەمی مابوو، (ئەلف) ویستی ماڵئاواییم لێ بکات، وەستانم. گوێم لە دەنگی شاژنی گۆرانی بوو، لەگەڵ ئۆرکسترایەکدا بە ناسکە سۆزی 'عود'، وردە لەرزینی دەف، مەقامی نەهاوەندی سۆل، بە ئیقاعی بەلەدی، دەنگ و ئاواز و میوزیکی تێکپرژاندبوو وەکو پەلکە زێڕینە بەو دەمی شەوەدا پەیتا پەیتا هەڵیئەدا و ئەیگرتە ئاسمان.

لە گەڵ شیری منداڵیما بەم جۆرە فەخامەتەی دەنگی شاژنی گۆرانی و سەماحەتی ئاواز و جەنابی لوتکەی ئەدەب و هونەر پەروەردە کرابووم. ئەمانە بوون لەگەڵ بەرهەڵستیی سیاسی و پێشمەرگایەتیمدا، تای تەرازوویان جۆرێک لە هاوسەنگی ڕاگرتبوو لەناو خەراباتێکدا کە تیا لەدایکببوم.

بێ ویستی خۆم، لە بەشە هەڵدراوەکەی خەراباتدا گوێم پژا، بە دەنگی تەقە و هاتوهاواری گرتن و زیندانیکردن و گێڕانەوەی ناڵەی ئەشکەنجە وکوشتن وتازیە و گریانی کەسوکار بۆ شەهیدەکان.

لەلا شارراوەکەی خەراباتدا گەنجیەتیمی تیا تۆقیبوو، ئەو کاتەی کە 'پەرە' ی تیا سەڕبڕدرا (پەرە) ژنە لەدەست مێرد هەڵاتوەکەی دوو کۆڵانی پشت ئێمەوە، ئەو کاتەی کە 'شیرین' ی هاورێم خۆی تیا کوشتبوو، بەسەرهاتی لەو جۆرە لەو بەشە شارراوەیەی خەراباتەکەدا خۆیان حەشار دابوو. دەبوایە وەکوو مناڵیی، بەردە سەنگینە چواردەور بە گوڵ ڕازاوەکانمان هەڵبدایەتەوە، تا مار و دووپشکی ژێریان دەرکەون.

شاژنی گۆرانی ڕووی دەنگی کردبووە کەون و هاواری لە هەزار و یەک شەوەوە دەنارد بۆ شەو، بۆ ئاسمان، بۆ ئەستێرەکان، بۆ بێداری عاشقانە و بۆ هەموو ئەوەی گوێی لێی دەبوو.

هاواری بوو حاڵی بگەیەنێت، هەرلەئێوارەشەودا، پڕ بە قورگی داوای لە خۆری دەمەو سەحەر دەکرد :گەر هاتی وەرە، ئەمشەو نا، ساڵێکیتر وەرە، نەکەی بەر لە ساڵێک بگەیت. مەستانە رووی دەکردە تاریکی ئاسمان و لە شەوی دەگەیاند: ژیان هیچە، هیچەەەەەەەە، ئەگەر شەوێکی وەک ئەمشەوی نەبێت.

بە بێدەنگی نزیک دەکەوتینەوە و شاژنی گۆرانی بەردەوام بوو هەموو کەونی لە حاڵی خۆی تێدەگەیاند:

یاااااااااااااا حبیبی
اللیل والسما .. ونجومه وقمر ، قمر وسهر
وإنت وأنا،
یا حبیبی أنا .. یا حیاتی أنا
كلنا،
کلنا فی الحب سوا
والهوی‌ .. ێ‌ه منه الهوی‌ .. ێ‌ه منه الهوی‌.. ێ‌ه منه الهوی‌
سهران الهوی‌، یسقینا الهنا
ویقول بالهنا.. یا حبیبی
یاللە نعیش، فی عیون اللیل ونقول للشمس
تعالی تعالی بعد سنه‌، مش قبل سنه‌

دی لیله‌ حب حلوه، بألف لیله‌
ألف لیله‌ ولیله‌ بألف لیله‌ ولیله‌...
بكل العمر ..
هو العمر إیه؟ إیه غیر لیله‌ ، زی اللیله‌
اللیله‌.

کە نزیکتر بوینەوە لە مقەڕ، خاتوونی گۆرانی خۆی لە مقەڕ نەبوو، خاتوونی گۆرانی لە ڕادیۆکەی بەردەمی هاوڕێ (ب) وە خەریک بوو هەرچوارمان مەست بکات. (ب) پاسەوان بوو ئەو ئێوارەشەوە، لە بن دیواری مقەڕ هەڵتروشکابوو لەگەڵ ئەو پیاوەی کە دایمە پێکەوە بوون. کڵاشینکۆفەکەی وەک تابلۆیەکی هونەریی هەڵسپاردبوو بە دیوارەکەوە، کەمێک لەسەر لاری دانیشتبوو، ڕووی لە هاوڕێکەی ئەولایەوە بوو و کەلەکەی لە کڵاشینکۆفەکەی و لە من-ئێمە بوو. (ب) چاوی لە هاوڕێکەی نەدەتروکاند و گەرم گەرم قسەی بۆ دەکرد و یەک لەسەر یەک مژی لە جگەرەکەی ئەدا پڕ بە سیەکانی هەڵ ئەمژی ڕووی دەکردە ئاسمان دووکەڵی جگەرەکەی بەبا دەدا و خێرا ڕووی ئەکردەوە کوڕە هاوڕێکەی تەنیشتی و قسەکانی دەستپێدەکردەوە. پیاوە هاوڕێکەی لە ئەولای (ب)وە وەکو ئەو هەڵتروشکا بوو، لەسەرلا نەبوو، ئەو جگەرەی نەدەکێشا و سەری دانەواندبوو بۆ سەر ئەرزەکە، بەدڵ گوێی لە گۆرانیەکە ئەگرت و شل شل گوێی بۆ (ب) گرتبوو، سەیری ئەرزەکەی بەردەمی خۆی دەکرد و چیلکەیەکی بەدەستەوە بوو لە ئەرزەکەی گیر دەکرد بێ ئەوەی مەبەستی بێت.

سەیری سەعاتەکەی دەستم کرد هێشتا بیست دەقەی مابوو بۆ سەری سەعات، لەسەری سەعاتدا پاسەوانی ئەگۆڕرا، لەبەر دەنگی گۆرانیەکە، گوێم لە قسەکانیان نەبوو. فرسەت بوو پاش سکاڵاکەی هاورێ (ئەلف)-ژنە پیشمەرگەکەی تەنیشتم- دوو چۆلەکە بەیەک بەرد بکوژم؛ تێی بگەیەنم رێز لە پێشمەرگە ژنەکانیتر بگرێت و تێی بگەیەنم پاسەوانی وا ناکرێت. بە چرپە بە (ئەلف) م ووت: "تۆ هیچ قسە مەکە ونامەوێت دەنگی هەناسەشت بێت"، سەری دەستم بۆ ڕاوەشاند وەکو ئیشارەت بۆئەوەی بڕوات بۆ دیواری تەنیشتی مقەڕەکە و هەر بە چرپەش پێموت: "بێ ترپەی پێ! کە گەیشتی خۆت ماتکە، چاوەڕێ بە تا بانگت ئەکەم، کە بانگم کردی نە دەمانچە ڕاکێشە و نەهیچ، کە هاتی هیچ قسەیەک مەکە و بەس تەماشاکار بە ". ئیتر (ئەلف) تێگەیشت بەتەمای چیم، بەجۆرێک ڕووی گەشایەوە وەکو ئەوەی تاجی شاهانەم کردبێتە سەری، بەرەو دیواری تەنیشت مقەڕ باڵیگرتوو و ڕۆیشت.

یەکەم جارم بوو هیچ کەسێک بەو جۆرە چەک بکەم، نەمدەزانی سەرکەوتوو ئەبم یان نا، ئەمزانی ئەو جۆرە چەککردنە لە حاڵەتی گرتنی کەسێکدایە و سەختە، دەمزانی مەرج نیە سەربگرێت بە تایبەتی ئەوان دوو پیاو بوون. دەشمزانی کڵاشینکۆفەکەیان تەواو ئیهمال کردبوو، بەڵام ترسم لەوە هەبوو لە حاڵەتی کاردانەوەی ئۆتۆماتیکیدا پەلاماری کڵاشینکۆفەکەیان بدایەوە زۆر خەتەر ئەبوو چونکە من مەبەستم لە کوشتنیان نەبوو و دەستم لێ نەدەکردنەوە و بەمە ئەوان دەست پێشخەرییان دەکرد و منیان دەکوشت. زۆریش خەمم نەبوو، پێشمەرگە بووم و شەڕم بینیبوو، تاو و توێی حاڵەتەکانی شەڕ فێرببووم، بیرم لە جۆرە پلانێک کردەوە کە رێگەگر بێت لە هەر جۆرێکی دەست گەیشتنیان بە کڵاشینکۆفەکە. ڕاستەو ڕاست بەرەو ڕووی (ب) و پیاوە هاوڕێکەی نەچووم، کەمێک هەڵگەڕامە سەرویانەوە و ئینجا بە ئەسپایی چووم بەرەو ئەوان هاتمە خوارەوە بە بی دەنگی هەتا زۆر نزیک بومەوە، یەک هەنگاویترم بنایە ئەگەری هەبوو بمبینن، پێی بزانن.

بەو دەنگەی کە هەموو پرسی ژن و پێشمەرگایەتی تیا کۆ ببۆوە، هەتا توانیم جڵەوی ووشەکانم گرت لە ناخما، لەگەڵ خرمەی میل هێنانەومدا بە بێ ئەوەی پەلەپیتکەی لێگیربکەم، بە بازێک لولەی کڵاشینکۆفەکەمم توند کرد لەو لا کەلەکەیەی کە پشتی لە چەکەکەی پێ کردبوو، ووتم: "چەک بەەەەەە".
وا پەشۆکان ئاوڕییان نەدایەوە و بیریان لەوە نەکردەوە سەیرم بکەن، هەردوکیان بە بێ دەنگی هەستانە سەرپێ لەشوێنی خۆیاندا و ڕوویان رێک ڕاگرتبوو بەرەو دێیەکە. هەروەکو چۆن پێویست نەبوو پەلەپیتکەم گیربکەم لە کڵاشینکۆفەکەم لە میل ڕاکێشاندا چونکە مەبەستم لە کوشتنیان نەبوو، هەرواش پێویست نەبوو پێیان بڵێم دەست بخەنە سەر سەریان یان هەرچیەکیتر لەو هەنگاوانەی کە دەکران بەرامبەر بە دوژمنێک لە حاڵەتی لەو جۆرەدا، مەبەستی من زۆر جیا بوو. بەڵام ویستم باش هاوڕێ (ب) تێبگات چەند خەتەر بوو بەو جۆرە پاسەوانیکردن، نوکی پێی ڕاستم لە قۆناغی کڵاشینکۆفەکەی مقەڕ گیرکرد کە (ب) بۆ پاسەوانی پێی بوو، بەلای خۆمدا خستم و ئینجا هەر بە هەمان نوکی ئەو پێیەم لەسەر ئەرزەکەوە 'پاش پاڵێکم' پێوەنا بەرەو لای خۆم و زیاتر دورم خستەوە لەوان. بێ ئەوەی من پێشمەرگە ژنەکە بانگ بکەم (ئەلف) خۆی هات و لەو لایەمەوە وەستا کە کڵاشینکۆفەکە لەسەر ئەرزەکە کەوتبوو، دوور بوو لەوانەوە.

پرۆسەی چەک کردنەکەیان تەواو بوو، مەبەستەکەم پێکا و بۆم دەرخستن کە پاسەوانیکردن ئاوا ناکرێت و هەم ئەوان بە ئاسانی دەگیرێن و دەستبەسەر دەکرێن، هەم ئێمەی پێشمەرگەی ناو مقەڕێش کە پشتمان بەوان بەستوە پاسەوانمان بن، تاکمان تیا نامێنی و هەموومان دەکوژرێین. کاتی ئەوە بوو تێی بگەیەنم کە بێڕیزی بەرامبەر بە پێشمەرگەی ژن نەکات. هەر بە جوڵاندنی نوکی لولەی کڵاشینکۆفەکەم و بە دەنگێکی نەرمی هاوڕێیانەوە (ب)م بەناوی خۆیەوە بانگکرد، وتم: " هاوڕێ (ب) چەککردنەکەت تەواو بوو، ئەمە تەنها دەرس بوو بۆ تێگەیاندنت".

ئینجا دەنگی ناسیمەوە، کە ئاوڕی لە من دایەوە هێشتا پەشۆکا بوو، هەر پێشمەرگە ژنەکەی نەبینی لەولامەوە. بەڵام من مەبەستم بوو بە تایبەتی پێشمەرگە ژنەکە ببینێت و بزانێت لەوێیە، بۆ ئەوە، من بە پیشمەرگە ژنەکەم ووت: "هاوڕێ (ئەلف) کڵاشینکۆفەکەی بۆ هەڵگرەوە و بیدەرەوە دەستی".
کە (ب) پێشمەرگە ژنەکەی بینی زۆر ڕەنگی تێکچوو، ئەمجارەیان هی ترس نەبوو هی تەریقبونەوە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕووی قسەکردنی لە پێشمەرگە ژنەکە نەبوو، بە منی ووت: "هاوڕێ ڕابی، ڕجات لێ ئەکەم لای کەس باسی نەکەیت حەیام دەچێت، ڕجائەن".
ووتم : "باشە بەڵام بە دوو مەرج"
ووتی: "هەرچیەک ئەڵێی بەسەرچاو"
بۆ ئەوەی مەبەستی دوەمم بەکەم نەگرێت کردم بە یەکەم مەرج:
ووتم: "یەکەمیان نامەوێت جارێکیتر ببیستمەوە بەهیچ جۆرێک گاڵتە و بێڕیزی بە هیچ کام لە پێشمەرگە ژنەکان بکەیت. دوەمیان، جارێکیتر لەکاتی پاسەوانیدا 'گەعدە' ڕێک نەخەیت، هاوڕێت بێنیتە لای خۆت بۆ دەمەتەقێ و ڕادیۆ بکەیتەوە، چەکەکەشت قەت هەڵنەپەسێری و پشتی تێ نەکەیت لەکاتی ئەرکدا"
(ب) ووتی: " ببوورە، وەعد، هیچ ئەوانەم لێ نابینن جارێکیتر"، ئینجا ڕووی کردە پێشمەرگە ژنەکەی تەنیشتم و وتی: "ببورە، تکایە ببورە".
منیش ووتم: با ئەمە لە نێوانی خۆماندا بمێنێتەوە، پیشمەرگایەتی بریتیشە لە پشتبەیەک بەستن و وەفا و دڵسۆزی بۆ یەکتری. جارێکیتر باسمان نەکردەوە هەتا ئێستا، حاڵەتەکە شتێک نەبوو لەبیربچێتەوە، وەکو ئەوسا دەیبینم، بەڵام بیرم نەماوە (ب) ناوی چی بوو.

ئەمە چەند پەڕەیەکیتر بوون لە بیرەوەریەکانم


PM:01:45:29/05/2020








ئه‌م بابه‌ته 196912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت