كۆرۆنا دەبێتە چوارەم ڤایرۆسی نزیك له مرۆڤ و ژیانی ئاسایی بهسهرچوو
وێستگه نیوزـ
شارەزایان پێیان وایە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك نەخۆشیەكانی دڕكەومێكوتە، ئایدز و سورێژە و چەندین نەخۆشیی دیكهی لێ دێت كە بە سەرسەختی بەرگری دەكەن بۆ مانەوه، دهشڵێن كه كاریگەرییەكانی ئهو ڤایرۆسه بەردەوام كەمبدەنەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە شارەزایانی بواری نەخۆشیە گواستراوەكان و پلاندانان بۆ كارەساتەكان و گەشەپێدانی پێکوتە ئامۆژگاریی ئەوە دەكەن كە دەبێت خەڵکی جیهان ئەو راستییە قبوڵ بكەن کە لەمەودوا کۆرۆنا لەگەڵیان دەبێت، چونكە ئەوە زۆر گرنگە بۆ قۆناغی داهاتوو لە وەڵامدانەوەكان بۆ پەتا.
دەشڵێن ئەوە واتای ئەوە نییە كە بارودۆخەكە هەمیشە خراپ دەبێت، ئەوەتا چوار ڤایرۆسی تر لەگەڵ مرۆڤدا دەژین و بەردەوام بڵاودەبنەوە و دەبنەهۆی پەتای سەرما و هەڵامەت، كۆرۆناش دەبێتە ڤایرۆسی چوارەم و كاریگەرییەكانی بەردەوام كەم بدەنەوە، ئەوەش لەگەڵ پەیداكردنی بەرگری و ڕاهاتنی جەستەی مرۆڤ لەگەڵیدا بە تێپەڕبونی كات.
سارە كوابی، زانای پەتاكان و زانستی زیندەوەرزانیی گەشەسەندن لە زانكۆی شیكاگۆ سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەڵێت،:"ئەم ڤایرۆسە هاتوە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كە چۆن بتوانین بە پارێزراوی لەگەڵیدا بژین؟"، شارەزایانیش دەڵێن، بەرەنگاربونەوەی ئەو نەخۆشیانەی دەمێننەوە پێویستیی بە بیكردنەوەی دورمەودا و هەوڵی بەردەوام و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و بە پارە و ئیرادەی سیاسی هەیە.
ناتالی دین، زانای بایۆلۆجی و نەخۆشییەكان لە زانكۆی فلۆریدا دەڵێت، خەڵك بەردەوام قسە لەسەر گەڕانەوە بۆ ژیانی سروشتی دەكەن، بەڵام داهاتوو لەگەڵ بونی ڤایرۆسێكی هەمیشەیی واتای ئەوەیە كە "ژیانی ئاسایی بوو بە ڕابردوو"، رونیشیكردوەتەوە: "دەتوانین ژیانمان بگەڕێنینەوە، ئەوەش لەڕێگەی بیركردنەوە لە ڕێگەی جیاواز بۆ خۆگونجاندن و دۆزینەوەی ئەوەی كە سەركەوتوە".
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین دەركەوتوو و تائێستاش بەردەوامە لە بڵاوبونەوە بە جیهاندا، كۆی گشتی توشبوان گەیشتوەتە نزیكەی شەش ملیۆن و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 360 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
PM:11:59:28/05/2020
ئهم بابهته 12868
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت