ئاسایشی سلێمانی: کەسێکمان دەستگیرکردووە لە جەژندا دزی لە دراوسێیەکی کردووە

‌فۆتۆ: ئاسایشی سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی لەناو شاری سلێمانی راگەیاند کە لە یەکەم رۆژی جەژن دزی لە دراوسێیەکی خۆیان کردووە و دەڵێت، "تا ئێستا دزی لە هەشت ماڵ کردووە".
 
لە راگەیه‌ندراوێكدا ئاسایشی سلێمانی ده‌ڵێت: پاش ئەوەی 24ی ئایاری 2020، زانیارییان پێگەیشتووە کە دزی لە ماڵی هاوڵاتییەک لە گەڕەکی رزگاریی شاری سلێمانی کراوە لەکاتێکدا خاوەنی ماڵەکە لەماڵ نەبووە. دوای لێکۆڵینەوە، پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2020 ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (م. س. م)ـە، بە وتەی ئاسایشی سلێمانی، 33 ملیۆن و 900 هەزار دینار، 60 هەزار 800 دۆلار و نزیکەی 60 مسقاڵ ئاڵتوونی لەو ماڵە دزیوە و خۆیشی دانیشتووی هەمان گەڕەکە.
 
ئاسایشی سلێمانی باس لەوەشدەکات، ئەو کەسە شارەزاییەکی زۆری هەیە لە دزیکردندا و "زۆر بە لێزانانە دزی لە حەوت ماڵی دیکەش هەر لەناو شاری سلێمانیدا کردووە".
 
لەدوای دەستگیرکردنی ئەو کەلوپەل و پارانەی پێی گیرابوون جگە لە پارە و ئاڵتوونەکانی ئەو ماڵە، "چەندین کاتژمێری گرانبەها، 48 بۆنی گرانبەها، دوو دەمانچەی چواردەخۆر، یەک دەمانچەی تۆبڵی و 118 فیشەکی کڵاشینکۆف، 17 پاکەت فیشەکی جۆراوجۆری دیکەی پێگیراوە".
 
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسە رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.

هــ. ر


PM:02:01:28/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 22436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت