شاندی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كۆی كێشەكانی نێوانیانەوە بكەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

بەختیار حاجی، ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمی‌ پارتی راگەیاند: "هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق رەزامەندییان نیشانداوە كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن".

دەشڵێت: "دوای پشوی جەژن شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر دەكرێن".

وتیشی: "تەنها گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچەوە ناكرێت، بەڵكو باسی كۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان چارەسەر بكەن و لەسەرییان بگەنە رێككەوتن".

دەشڵێت: "حكومەت ڕەزامەندیی نیشانداوە دوای جەژن 400 ملیار دینارەكەی دیاریكردووە، بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەی دەكات و بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەش گفتوگۆ دەكەن".

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عیراق ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند هه‌فته‌ی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

هــ. ر


PM:05:32:27/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 6340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت