ئەمینداری یەكگرتوو: متمانەی خەڵك بە دەسەڵات لە ئاستێكی خراپدایە

‌سەڵاحەدین محەمەد بەهادین

وێستگە نیوز-

سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، متمانەی خەڵك بە دەسەڵات لە ئاستێكی خراپدایە و بە یەكتر نەخوێندنەوە ناگەینە هیچ ئەنجامێك.
 
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە رایگەیاندووە، جەژنی رەمەزان لەكاتێكدایە كە هەڕەشە دەرەكییەكان، كێشە و قەیرانەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و هەڵواسراویی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا هێشتا بەردەوامن.
 
ناوبراو پێیوایە متمانەی خەڵك بە دەسەڵات لە ئاستێكی خراپدایە و دەڵێ "بەداخەوە جەژنەكەمان لەكاتێكدایە كە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەرهاویشتە كۆمەڵایەتی و تەندروستییەكانی بەردەوامە و قەیرانی دارایی و بژێوی و مووچەی هاووڵاتییان چارەسەرێكی ریشەیی نەكراوە، بێ متمانەیی لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا، لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا و لە نێوخۆی لایەنەكانی دەسەڵاتدا لە ئاستێكی خراپدایە. جگە لەو سەرقاڵكردنەی پەرلەمانی كوردستان بە شتی لاوەكی و شەڕی حزبی و دوورخستنەوەی لە ئەركی سەرەكی خۆی".

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو روونیكردۆتەوە "بە خۆزیزكردن، لەیەكتر بەبیانووبوون، بێمتمانەیی و یەكتر نەخوێندنەوە ناگەینە هیچ ئەنجامێك و كێشە و قەیرانەكانیش زیاتر تەشەنە دەكەن"، ئاماژەی بەوەش كردووە "لەم بۆنە پیرۆزەدا دەخوازین هەموو لایەكمان بە هەستی بەرپرسیاریەتی و گیانی لەخۆبوردنەوە مامەڵە لەگەڵ جیاوازیەكان بكەین و یەكڕیزبین له ‌بەرانبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، هەروەك دەبێ دەسەڵات و لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت دۆخەكە لەخۆیان ئاڵۆزتر نەكەن و نەریتی مامەڵەی گومان و تۆمەتبەخشینەوە و تووندوتیژی پەیڕەو نەكەن و ناڕەزاییەكانی هاووڵاتییان و داوا رەواكانیان بە سنگێكی فراوان و سەلیقەیەكی حەكیمانەوە وەربگرن و بۆ چارەسەری بكۆشن".


PM:07:36:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت