پەیامێك لەنێچیرڤان بارزانییەوە

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگە نیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تەنها بە كاری پێكەوەیی و تەبایی و هاوكاریی هەموو لایەكمان، وەك قەیرانەكانی پێشتر دەتوانین ئەم دۆخەش‌ تێپەڕێنین و پێكەوه بەسەریاندا سەركەوین.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "تەنها بە كاری پێكەوەیی و تەبایی و هاوكاریی هەموو لایەكمان، وەك قەیرانەكانی پێشتر دەتوانین ئەم دۆخەش‌ تێپەڕێنین و پێكەوه بەسەریاندا سەركەوین".
 
لە پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی پیرۆزبایی جەژنی لە هاونیشتمانیان و كەسوكاری شەهیدان كردووە، راشیگەیاندووە "پێویستە هەموومان لە هەرێمی كوردستان پێكەوه،‌ یەكڕیز و تەبا كاربكەین و هاوكار و یارمەتیدەر بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و تێپەڕاندنی سەختییەكان".
 
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان..

جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و لە تەواوی موسڵمانان لە كوردستان، عێراق و هەموو جیهان پیرۆز دەكەم. هیوادارم هاتنەوەی ئەم جەژنە هاندەری زیاتری هەموومان بێت بۆ تەبایی، یەكڕیزی، لێبوردەیی، پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن، لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشی بهێنێت و جەژن و بۆنەكانی داهاتوومان لە كەش و دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.
 
جەژن لە‌ كاتێكدا دێتەوە كە هەرێمی كوردستانیش وەك وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، ڕووبەڕووی مەترسیی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی زیاتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە هەمەلایەنەكانی بووەتەوە، بۆیە پێویستە هەموومان لە هەرێمی كوردستان پێكەوه،‌ یەكڕیز و تەبا كار بكەین و هاوكار و یارمەتیدەر بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و تێپەڕاندنی سەختییەكان. تەنها بە كاری پێكەوەیی و تەبایی و هاوكاریی هەموو لایەكمان، وەك قەیرانەكانی پێشتر دەتوانین ئەم دۆخەش‌ تێپەڕێنین و پێكەوه بەسەریاندا سەركەوین.‌
 
لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەكەینەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەك چەترێك دەبێت بۆ تەبایی و یەكگرتووییی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان و نوێنەرایەتیكردنی هاووڵاتیان بە تەواوی جیاوازیی ئینتیمای حزبی و سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و كولتوورییەوە، لەم پێناوەشدا و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، لە كار و هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت.
 
جەژنی ڕەمەزان لە هەمووان پیرۆز بێت، هیوای سەلامەتی و تەندروستییەكی باش بۆ هەمووان دەخوازم و داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم ڕێنمایییەكانی خۆپارێزی ڕەچاو بكەن.




PM:04:22:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت