په‌رله‌مانتارێكی كورد: كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار دژی ناردنی 400 ملیار دیناره‌كه‌ی هەرێمن

‌یوسرا رەجەب

وێستگه‌ نیوز ـ
په‌رله‌مانتارێكی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای جه‌ژن كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار هه‌ڵوێستی توندیان له‌ به‌رانبه‌ر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هه‌رێم ده‌بێت.


یوسرا ره‌جه‌ب، ئه‌ندامی کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "به‌هۆی ره‌زامه‌ندی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی 400 ملیار دینار‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاریان داوه‌ هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت به‌رانبه‌ر به‌ ناوبراو پاش كۆتاییهاتنی پشوی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز واتا سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ده‌وامی فه‌رمی".

وتوشیه‌تی: "پێشتر وتومانه‌ به‌ ره‌وانه‌كردنی ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌بوه‌ و نابێت، بۆ تێپه‌ڕبونی ئه‌م بارودۆخه‌ پێویستمان به‌ ده‌ستپاكی و دڵسۆزی و راستگۆیی به‌ناو سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ چ له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان و چ له‌گه‌ڵ عیراقیشدا، چونكه‌ قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم ده‌ستكردی خۆیانه‌ و هی بێ پلانی ئابووری نییه‌، به‌داخه‌وه‌ پلانی فرۆشتنی گه‌ل و نیشتمان به‌رده‌وامه‌، پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یاسای بودجه‌ی عیراق بۆ ساڵی 2019 گه‌وره‌ترین كێشه‌ی بۆ دروستكردوین".

ئه‌و په‌رله‌منتار كورده‌ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە پێشتر لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بوو لە پشکی تەڤگەری ئازاد، ئه‌وه‌شی وتوه‌: "ده‌یان جار وتمان تكایه‌ ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ رۆژانه‌ راده‌ستی حكومه‌تی ئیتیحادی بكه‌ن. له‌ وه‌ڵامدا ده‌یانوت (سه‌رۆك ده‌ڵێ یه‌ك قه‌تره‌ نه‌وت ره‌وانه‌ی به‌غدا ناكه‌ین)، سیاسه‌ت و عینادی دوو شتی له‌ یه‌ك جیاوازن، بگره‌ نه‌ك جیاوازن، به‌ڵكو دژ به‌یه‌كیشن، بۆیه‌ چیتر گه‌لی ئێمه‌ نابێت قبوڵی حوكمڕانی ئه‌م جۆره‌ عه‌قڵیه‌ته‌ چه‌قبه‌ستوه‌ بكات".


AM:11:51:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 3104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو