خه‌سره‌و گۆران: خیتابی سیاسی كورد به‌رانبه‌ر به‌غدا درزی تێكه‌وتووه‌

‌خەسرەو گۆران

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات كه‌ خیتابی سیاسی لایەنە کوردستانیەکان بەرامبەر بەغدا، درزی تێکەوتووە و خەریکە کورد یەکگرتووی و یەکدەنگی لەدەست دەدات.


خەسرەو گۆران، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "تاکە لایەنی شەرعی بۆی هەبێت دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات، قسە لەسەر مەسەلەکانی نێوان هەرێم و عیراق بکات، حکومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمیەکانن".

دەشڵێت: "هەر شاندێکی لابەلا دەچێتە بەغدا و قسە دەکات، ئەمە هەڵەیە، جگە لە زیان گەیاندن بە کێشەی کورد، دەستکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان نابێت".

بەرپرسەکەی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد دیاردەی چوونە بەغدا و دانوستانی جیای لایەنەکان نوێ نیە، بەڵکو لەساڵی 2014 ەوە سەریهەڵداوە، بەڵام ئێستا پەرەی سەندووە، له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "کورد بەیەکگرتوویی نەمایەوە لەبەغدا، پێشتریش من لەبەغدا بووم، هەستم دەکرد خیتابی یەکگرتوومان نیە، جێی داخە لایەنی سیاسی هەبوو، هەڵوێستی جیاوازی هەبوو، گوێی بەڕاسپاردەکانی هەرێم نەدەدا، بۆ نموونە ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی، دەنگمان بە ئیقالەکردنی پارێزگاری موسڵ نەدا، دەنگمان بە ئیقالەکردنی خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری نەدا، دەنگمان بە یاسای حەشدی شەعبی نەدا، کەچی لایەنەکانی تر لەگەڵی بوون".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە پارتی هەمیشە شاندی حزبی ناردووەتە بەغدا و بەجیا هەوڵی دانوستانی داوە، بەتایبەت ساڵی 2018 شاندێکی بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانی نارد، بۆچی بۆ پارتی حەڵاڵ و بۆ لایەنەکانی تر حەرام بێ، خەسرەو گۆران وتی: "بەڵێ، شاندی پارتی ساڵی 2018 بەسەرۆکایەتی کاک فازڵ رۆیشتە بەغدا، خۆشم ئەندامی شاندەکە بووم، شاندەکە حزبی بوو نەک حکومی، تەنها بۆ پەرەدان بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ چەند لایەنێک رۆیشتین".

وتیشی: "رۆژێک دوای شاندەکەی ئێمە، شاندێکی یەکێتیش بەسەرۆکایەتی کاک مەلا بەختیار هاتنە بەغدا، هەر زوو پێش هاویشتنی هەر هەنگاوێک، هەوڵی هەماهەنگیمان دا، ئەگەرنا، پارتی شاندی حزبی نەناردووە، بەڵکو بۆ کێشەکان شاندی حکومەت رۆیشتوون، ئێمە لەگەڵ ناردنی شاندی حزبی نین".

رادەستکردنەوەی 176 زیندانیکراوی تۆمەتبار بە تیرۆر لەلایەن یەکێتی یەوە بە ئیدارەی کەرکوک، مشت و مڕەکانی نێوان پارتی و یەکێتی یان گەرمتر کردەوە، پارتی رەخنە لەو هەنگاوەی یەکێتی دەگرێت، یەکێتیش بەوە وەڵام دەداتەوە کە پارتیش پێشتر هەمان هەنگاوی ناوە، لەوبارەیەوە خەسرەو گۆران دەڵێت: "پارتی کێی بەرداوە؟ کوا بەڵگە؟ گەر نەتوانیت بەرگری لەخۆت بکەیت، حەتمەن تۆمەت بۆ لایەنی بەرامبەر هەڵدەبەستیت، ئەوەی داعش بەسەر کوردی هێنا کارەسات بوو، تائێستاش خوشکانی ئێزدیان لاماوە، پێشمەرگەی دیلیان کوشتووە و سەربڕیووە، زۆر هەڵەیە مێژووی خۆمان لەبیر بکەین، بەئاسانی تاوانبارەکان رادەستی عەرەبی شۆڤێنی بکەین".

سەبارەت بەوەی کە بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن، پرۆسەکە لەلایەن حکومەتەوە و بەنێوەنگیری حزب کراوە، بەرپرسەکەی پارتی جەختیکردەوە، "کاک قوباد جێگری سەرۆک وەزیرانە، گەر ئاگادار بایە، خۆ دەبوو مەسەلەکەی پێشوەخت لەناو ئەنجومەنی وەزیران یان لەگەڵ خودی سەرۆکی حکومەت باسکردبا".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمریکا، خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد رادەستکردنەوەی 176 تۆمەتبارەکەی تیرۆر بڕیارێکی تەواو حزبی بووە، گەر هەرێم شتێکی وای بکردایە، لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە دەیکرد، له‌و باره‌وه‌ وتی: "من پێشتر لە موسڵ جێگری پارێزگار بووم، ماوە ماوە وەزیری ناوخۆ تەلەفۆنی بۆ دەکردم، دەیوت، ئەوەندە دیلی قاعیدەی موسڵمان لایە، بەڵگەو زانیاریمان نیە لەسەریان، کاتی خۆی ئەمریکاییەکان رادەستیان کردووین، ئێمە رادەستی ئێوەی وەک حکومەتی موسڵ دەکەین، ئاوا کار دەکرێت، نەک وەک ئەوەی روویدا".

خەسرەو گۆڕان ئاماژەی بەهەوڵەکانیان بۆ دانانی فواد حسێن بە وەزیری دەرەوەی عیراق کرد و، روونیکردەوە، كه‌ وەک پارتی هەندێ پرەنسیپیان هەیە لە ناوی کەسەکان گەورەترە، بۆیە ئەوان مەسەلە وەک مەسەلەی شەخسی فواد حسێن نابینن، بەڵکو وەک ئیرادە لێی دەڕوانن، له‌و باره‌وه‌ وتی: "ناکرێت لەبەغدا خەڵکمان بۆ دابنرێت، وەک چۆن لەسەردەمی بەعسدا تەها محیەدین مەعروف بۆ کورد دانرابوو، گەر بەغدا دەیەوێ کورد شەریک بێت، کورد ئازادە لە ناردنی نوێنەری خۆی".

هەروەها وتیشی: "کازمی کەسێکی باشە، ئێمە دەزانین فشارەکان لەکوێن، لەو لایەنانەوەن کە گێچەڵ بەهەرێم دەکەن، نازانم بۆ هەر ناوێک پارتی بیەوێت داینێت، لۆبی لە دژ دەکرێت و تابووری پێنجەمی بۆ دروست دەکرێت، هەموو شتێک دەکرێت تا دەستنیشانکردنە تێپەڕ نەبێ".

هــ. ر


AM:10:39:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت