گەنمەکەی‌ نەجەف باڵنده‌ خواردی‌


وێستگه‌ نیوزـ

پرسی دیارنەمانی گەنمی سایلۆكەی نەجەف و باسوخواسی‌ خواردنی لەلایەن كۆترەوە، دەستەی نەزاهەی عیراق هێناوەتە سەر خەت و دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەو بارەیەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی شارەكەدا كردووەتەوە.  
  
لەڕاگەیەندراوێكدا دەستەی نەزاهەی عيراق ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوەكە چوار بەرپرس دەگرێتەوە كە لەسایلۆكەی نەجەف بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە كاریان كردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕی گەنمی دیارنەماو گەیشتووەتە 750 تەن كە بڕەكەی بەپارە دەكاتە 400 ملیۆن دیناری عیراقی. 
  
میدیا ناوخۆییەكانی شارەكەش ئەوەیان بڵاوكردوەتەوە، بەهۆی دیارنەمانی گەنمەكەوە ژمارەیەك بەرپرس لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە لەوانە بەڕێوەبەری سایلۆكە و هەندێ بەرپرسی تری شارەكە.  
  
لەگەڵ بڵابونەوەی دەنگۆی دیارنەمانی گەنمەكە و وەڵامی بەرپرسان بەوەی گەنمەكە كۆتر و باڵندە خواردویەتی، لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، هەڵمەتێكی گاڵتەكردنی بەرفراوانیان لەسەر ڕوداوەكە لەدوو ڕۆژی ڕابردودا دەستپێكرد، وێنەی كۆتر و باڵندەیان بڵاوكردوه‌تەوە و كۆمێنتی تەنز ئامێزیان لەسەر نووسی‌. 
 
ژمارەیەك لەچالاكاوانانیش لەتویتەر وێنەی كۆتریان بەسەری فیل و مەڕ و بزنەوە بڵاوكردووەتەوە بۆ گوزارشتكردن لەبڕوانەبوون بە پاساوی بەرپرسانی سایلۆكە لەسەر دیارنەمانی گەنمەكە گوایە كۆتر خواردویەتی.  
  
ژمارەیەكی تریش لەچالاكان، وێنەی گروپێك كۆتریان بڵاوكردوەتەوە كە قسە دەكەن و دڵنیایی ئەوە دەدەن ئەوان گەنمەكەیان نەخواردوە.  

ژمارەیەكی تریش لەچالاكوانان، هەقو حسابی كارەكەیان كردووە و ئەوەیان نوسیووە گەر ئەو قسەیە ڕاستبێت كە گوایە كۆتر گەنمەكەی خواردبێت ئەوا دەبێت نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كۆتر بەشداریان لەخواردنی گەنمەكەدا كردبێت.  


PM:10:45:22/05/2020












ئه‌م بابه‌ته 6988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت