فازڵ حاجی: هۆکاری رووداوەکەی هەولێر شۆفێرەکەیە نەک ئۆتۆمبێلەکە



وێستگه‌ نیوز-


وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رەتیدەکاتەوە کێشەی تەکنیکی ئۆتۆمبێل هۆکاری رووداوەکەی هەولێر بێت و دەڵێت، ناکرێت سەرەڕۆیی سوکان بەدەستێک پاساوی بۆبدۆزرێتەوە و ئۆتۆمبێلەکە و حکومەتی پێ تاوانبار بکرێت.
 
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تێیدا ئۆتۆمبێلێک لە پشتی دەرگای حەوشەی ماڵێک وەستاوە، دوای ماوەیەک وەستان شۆفێرەکە سەردەکەوێتەوە، لەوکاتەدا منداڵێکی ماڵەکە دێت دەرگاکە بکاتەوە کەچی بەخێرایی ئۆتۆمبێلەکە دێتە ژوورەوە دەرگاکە دەشکێنێت و لە منداڵەکەش دەدات بەڵام بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر منداڵەکە هەم لە دەرگاکە و هەم لە ئۆتۆمبێلەکە رزگاری دەبێت.
 
لەدوای رووداوەکە عەبدوڵڵا رەحمان خاڵی منداڵەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و هۆکارەکە بۆ کێشەی ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "ئەو رووداوە ماڵی خوشكمە . سوپاس بۆ خودا منداڵەكە سەلامەتە . هەڵەكە لە خودی ئۆتۆمبێلەكەیە كاتێك كارەباییاتی شەكل دەبێ و لە ناكاو سكریتەری بەنزینی كەپس دەبێ . چونكە سكریتەری ئۆتۆمبێلی ئێستا كارەباییە و سیم نییە بۆیە لەناكاو بێ ئاگاداری شۆفیر دەردەپەڕێ و لە كۆنترۆڵی شۆفێر نامێنێ هەرچەندەش هەوڵی ستۆپ بدرێت نایگرێت".
 
فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر قسەکانی عەبدوڵڵا رەحمان خاڵی منداڵەکە بە تەواوی رەتدەکاتەوە و بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لە هەولێر بووە، ئێمە بەهۆی ئەوەی سکاڵا تۆمار نەکراوە نەمانتوانیوە لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکەین بەڵام من نازانم ئەو مامۆستا تایبەتمەندی و شارەزایی لەچ بوارێکدا هەیە، ئەوەی مافی ئەوەی هەیە کە بڕیاربدات رووداوەکە بەهۆی تێکچوونی پایدەری بانزینە یان ناپشکنینی هونەریە شارەزایانن، کە بەفەرمانی دادگا دەیکەن نەک خاڵی قوربانیەکە".
 
فازڵ حاجی رەخنەی تووند لەو کەسانە دەگرێت کە بەرپرسیاریەتی رووداوەکان لە ئەستۆ ناگرن و گوتی: "ئێستا مۆدیلێک پەیدابووە هەر رووداوێکی هاتووچۆ یان تەندروستی روودەدات بنەماڵەکان راگەیێندراوێک دەردەکەن و خۆیان باسی هۆکارەکان دەکەن. ناکرێت سەرەڕۆیی سوکان بەدەستێک پاساوی بۆ بدۆزرێتەوە و تەنانەت حکومەتیشی پێ تاوانبار بکرێت".
 
عەبدوڵڵا رەحمان پێیوایە، ئەو رووداوە و چەندین رووداوی دیكەی هاوشێوەی سەلمێنەری ئەوەن کە "بواری ئۆتۆمبێل لە كوردستان چەندە وێرانە و ئۆتۆمبێلی خراپ و بێ كوالێتی بازاڕی پڕكردووە، حكومەتیش تەنیا گومرگی هەبێت لە خەمی هیچ دا نییە".
 
فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئەو قسانەی عەبدوڵڵا رەحمان رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "لەو وڵاتە زۆر سەیرە حکومەت لەجیاتی هەمووان تاوانبارە و هەمووان لەسەر حەقن تەنها حکومەت نەبێت. لە ڤیدیۆکە زۆرباش دیارە کە هۆکارەکەی سەرەڕۆیی و تووڕەییە یان شێوان و قاچ نانە بەپایدەری بەنزین لەجیاتی برێک کە ئەوجۆرە سوکان بەدەستەشمان بەداخەوە ئێستا یەکجار زۆرن و ئێمەی هاتووچۆش بەداخەوە لەدروستکردنی ئەوانە بێ تاوان نین".
 
ڤیدیۆکە لە فەیسبووکی رووداو بڵاوکراوەتەوە
 


PM:02:07:22/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 6788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت