داوا دەكرێت لەدووەم و سێیەم رۆژی جەژن ئەم شوێنانە بكرێنەوە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بۆ بەردەوامی كاركردن و رانەوەستانی بازاڕ، ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا دەكات ماركێت و دوكانەكان بەكراوەی بمێننەوە و هاوڵاتیان گرفتیان بۆ دروست نەبێت.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، پێیان باشە ماركێتەكان و دوكانەكانی ناو گەڕەكەكان لە ڕۆژانی جەژندا بەكراوەی بمێننەوە تەنها لە یەكەم ڕۆژی جەژندا دابخرێن و لەدووەم ڕۆژەوە بكرێنەوە و هاووڵاتیان سودیان لێ وەربگرن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، بڕیاری ٧٢ كاتژمێر ڕاگرتنی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕو ماركێتەكان بۆتەهۆی دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتیان، لەناو بازاڕو ماركێتەكاندا خۆراك و پێداویستی زۆر دەكڕن و لەماڵەكانیاندا هەڵی دەگرن ئەمەش مەترسی خراپبون و بەسەرچونی لەسەرە هاووڵاتیان توشی زیانی زۆر دەبن، هەروەها دەبێتەهۆی وەستانی بازاڕ لەناو هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختیكردەوە، دەروازە سنورییە نێودەوڵەتیەكان بەردەوام كاری بازرگانی تیادا دەكرێت و هاوردەكردنی خۆراك و كاڵا پێویستەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و هیچ گرفتێكیان لە خاڵە سنوریەكان نییە. 

سیروان محەمەد، داوادەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەكان ماركێت و دوكانەكانه ناو گەرەكەكان پابەند بكەن بە ڕێنماییەكان و خۆپارێزی تەواو  لە دووەم ڕۆژی جەژنەوە بكرێنەوە تا هاووڵاتیان ئەوەندە خۆراك و پێداویستی نەكرن و زیانی زۆریان بەركەوێت تەنها ڕۆژانە پێداویستیەكانیان بكڕن.

پێشتریش حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاریدا رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتووچۆی تەواو بێت.

ئەمڕۆش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ قسەكراوە و تەنها یەكەم رۆژی جەژن عەلوەكان دادەخرێن و لەدووەم رۆژەوە دەكرێنەوە.


PM:12:52:22/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 17516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو