شیروان میرزا: یەکێتی گرفت بۆ كابینه‌كه‌ی كازمی دروست ناکات و ئاماده‌یە كاندیده‌كه‌ی بگۆڕێت


وێستگه‌ نیوزـ

پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئاماده‌یی حزبه‌كه‌ی ده‌ربڕی به‌وه‌ی كه‌ ئاسته‌نگ نه‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی كازمی و ئامادەشن كاندیدەكەیان بگۆڕن.  
  
شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق به‌ ئاژانسی ناس-ی راگه‌یاندوه‌"مستەفا كازمی تەنها یەك هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ پڕكردنەوەی كابینە وەزارییەكەی و پێشكەشكردنی كاندیدەكانی بەپەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت."
  
وتیشی، تائێستا دوو كاندیدەكانی كورد بۆ دوو پۆستی وەزاری حكومەتی عیراق كە لەسەر پشكی كورد ماونەتەوە، یەكلا نەكراوەتەوە، بەڵام ئەوە گرنگە ناوی كاندیدەكان نەبێتە گرفتێك بەڵكو كێشە سەرەكییەكان كە لەنێوان هەرێم و فیدراڵدا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە بكرێنە بنەمای كار لەوانە دابینكردنی موچە و شایستە داراییەكان و كێشەی ناوچە دابڕاوەكان.  
  
جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ یەكێتی بەهۆی ڕەتكردنەوەی خالید شوانی، "نابێتە بەربەست بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی كابینە وەزارییەكەی كازمی و ئەوەی بەلاوە گرنگ نابێت تەنانەت گەر كاندیدەكەشی ڕەتبكرێتەوە ئەوا كەسی تر پێشكەش دەكات.  "
  
لەبارەی سوربوونی پارتی بۆ دانانەوەی فوئاد حسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، شیروان میرزا وتی "ئاگای لەوە نییە پارتی دەیگۆڕێت یاخود نایگۆڕێت بەڵام یەك پێوەر لەم كابینەیەدا دانراوە ئەویش ئەوەیە، هیچ وەزیرێكی پیشتر دانەنراوە لەو 15 وەزیرەی كە متمانەیان وەرگرتووە هەقە ئەوانیش بەو شێوەیە بكەن مادام لایەنەكانی تری بەشداری حكومەت ئەو پێوەرەیان كردووەتە مەرج".  
  
دوای مانەوەی پۆستەكانی وەزارەتی دەرەوە و داد بەبەتاڵی كە پشكی  هێزە کوردییەکانن، پارتی فوئاد حسێنی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و یەكێتیش خالید شوانیی بۆ وه‌زاره‌تی داد پێشكەش كردوە، بەڵام زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکانی‌ شیعە داوای‌ گۆڕینیان دەکەن.   


PM:11:07:17/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت