مسته‌فا كازمی دوو به‌ڵێنیدا

‌مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی‌ نوێی‌ عیراق بەڵێن دەدات دژایەتی گەندەڵی بکات و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبێت.

مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە کۆشکی حکومی لە بەغدا پێشوازیی لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، فائق زێدان و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە میانی دیدارەکەدا، کازمی ستایشی رۆڵی دادگای لە عیراق کردووە و رایگەیاندووە کە لەم قۆناغەدا بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی دادگا دەکات بۆ دووبارە گەڕانەوەی متمانە بە دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی تیرۆر و گەندەڵی و تاوان.

سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختی لە گرنگی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەبەرخۆیی دادگا کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ئەمەی لە کارنامەی حکومەتەکەیدا جێگیرکردووە.

کازمی داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری کردووە پاڵپشتی رۆڵی حکومەت بکات لە ئازادکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە رژاندنی خوێنی عیراقییەکان تێوەنەگلاون.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاتوێی دۆسیەی ئازادکردنی گیراوانی خۆپیشاندانەکان و چارەسەرکردنی دۆسیەی سزادراوان کراوە.

لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێی عیراق کردووە بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەیی پەرلەمان و جەختی لە هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەریی بەجۆرێک لە بەرژەوەندی عیراق بێت و دەستەبەری سەقامگیری و سەروەری یاسا بەدوای خۆیدا بهێنێت، کراوەتەوە.

هــ. ر


PM:10:29:13/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 12432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت