ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خرایه‌ڕوو

‌دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی دارایی ئێستای حکومەت کراوە، ئەوەش هاتووە، "حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حوکمڕانیکردن تەنیا مووچە دابەشکردن نییە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئایاری 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و دواتریش لە راگەیاندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، "هەرێمی کوردستانیش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان دووچاری دۆخێکی سەختی ئابووری بووەتەوە، بۆیە دەبێ خۆمان لەگەڵ دۆخی ئێستا و ئەو توانا داراییە سنوردارەی لە بەردەستماندایە بگونجێنین و کۆی گشتی دۆخی ئابوریمان بە پێی گۆڕانکارییەکان رێکبخەینەوە و بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی".

ئەوەش هاتووە، "حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات و هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حوکمڕانیکردن تەنیا مووچە دابەشکردن نییە، بەڵکو پێویستە هەوڵ بدەین خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجام بدرێت ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی دۆخی ئابوریمان هەیە".

باس لەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەشدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی خرایەڕوو و جەخت لەوەشکرایەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی نوێی عیراق بەردەوامە تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".

ئەویش خراوەتەڕوو، "گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی چەند پڕۆژە یاسایەک کراوە لە بوارەکانی (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێم، پرۆژە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێم، و پرۆژە یاسای ماف و ئەركەکانی نەخۆش) و لە کۆتاییشدا ئەنجومەنی وەزیران ‎جە‌ختیكردە‌وە‌ لە‌ رێزگرتن لە‌ فرە رەنگی و مافی گشت پێكھاتە‌ ئایینی و نەتەوەییە‌ جیاوازە‌كانی هەرێم".

هــ. ر


PM:08:15:13/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت