وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: هه‌وڵده‌ده‌ین پێش جه‌ژن مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بده‌ین


وێستگە نیوز-
وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیانە هەوڵ دەدەن پێش جەژنی ڕەمەزان موچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش بكەن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: "پابەندین بەپێی دەستوور داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکەین".

وتیشی: "گفتوگۆکانمان لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن".

راشیگەیاند، "کورتهێنانێکی زۆرمان هەیە لە داهاتی هەرێمی کوردستاندا و بۆ مانگەکانی داهاتوو مووچە بەپێی داهاتی هەرێم رێکدەخرێتەوە".

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "کورتهێنانێکی زۆرمان هەیە لە داهاتی هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک لە 75% داهات كەمبوه‌تەوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو مووچە بەپێی داهاتی هەرێم رێکدەخرێتەوە".

وتیشی‌: "دۆخی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە ئێستادا لەگەڵ پیشتر جیاوازە و داهات کەمیکردووە و حکومڕانیش بەس ئەوە نیە مووچە دابین بکەیت، بەڵکو دەبیت حکومەت پڕۆژه‌ خزمەتگوزارییەکان درێژە پێبدات لە پیناو خزمەتکردنی‌ خەڵک".

ئاماژەی‌ بەوەشکرد: "لەگەڵ حکومەتی‌ عیراق لە گفتوگۆی‌ بەردەوامدان تا بتوانن لە بارەی‌ شایستە داراییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان بگەنە رێکەوتن و ئامادەی‌ هەموو هەماهەنگیەکین لەگەڵ حکومەتی‌ عیراق لە بارەی‌ ڕادستکردنی‌ نەوت".

راشیگەیاند، دەبێت بەغدا بەپێی دەستوری عیراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات، دەشڵێت، "کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ناتوانێت لە ماوەی نۆ مانگدا هەموو کێشە داراییەکان چارەسەربکات".

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عیراق ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند رۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

هــ. ر


PM:05:20:13/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 14340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت