رۆژنامەنووسانی هەرێم لە نێوان مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ترسی زیندانی كردنیاندا


وێستگه‌ نیوز ـ
"رۆژنامەوانان و کارمەندانی راگەیاندن یارمەتیمان دەدەن بڕیارلەسەر بنەمای راستییەکان بده‌ین کە دەتوانن جیاوازی نێوان شەو و ڕۆژ بن." ئەوە بە شێکە لە پەیامی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گۆتێڕێز لە رۆژی جیهانی ئازادی راگەیاندن.


هەموو ساڵێک لە 3ی مانگی 5 ئەم یادە دەکرێتەوە بۆ بیرهێنانەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە ئازادی راگەیاندن و ئازادی دەربڕینی بیرووڕا مافە بنچینەییەکانی مرۆڤن.لە مانگی 12 ساڵی 1993، ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانرۆژی جیهانی ئازادی راگەیاندنی راگەیاند لەسەر راسپاردەی کۆنفرانسی گشتی یۆنێسکۆ. لەو کاتەوە هەموو ساڵی 3 مانگی 5 ،ساڵیادی جاڕنامەی ناسراو بە، وەک رۆژی جیهانی ئازادی راگەیاندن یاد دەکرێتەوە.Windhoek

بۆ ئەمساڵ ، سەرەنجی سەرەکی دراوەتە سەر رۆژنامەوانی بێ ترس لە جیهان. بەبۆنەی ئەم رۆژەوە، رۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکا ژیار محەممەد بەدواچوونێکی تێروتەسەلی کردووە لەسەر ئەو دۆخه‌ی رۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان عێڕاق کاری تیدا دەکەن، دەسەڵات بە چ شێوەیەک و بە پێی چ یاسایەکی سزادان هەڵسووکەوت لەگەڵ رۆژنامەوانان دەکات چۆن یاساكان به‌كارده‌هێنرێن بۆ زیندانی كردنیان؟ ئازادی راگەیاندن وئازادی دەربڕینی بیرووڕاتا چ رادەیە ک بە تایبەتی بۆ رۆژنامەوانان پارێزراوە و ئایا ئەم باروودۆخەی بەهۆی ڤایره‌سی کۆرۆنا درووست بووە تا چ رادەیەک تەنگی بە رۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان هەڵچنیووە؟

"هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ کاری ڕۆژنامەوانان"

بەپێی ڕاپۆرتە لۆکاڵیەکان و نێودەوڵەتیەکان دۆخی خراپ بۆ ڕۆژنامەوانان له‌ هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق جیا نەکراوەتەوە بەڵکو لە ڕاپۆرتەکانی پەیامنێرانی بێ سنوور و هیومەن ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ پارێزگاری لە مافی ڕۆژنامەوانان بەردەوام ئاماژە بە پێشێلکارییەکان کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە ڕێگای دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانە دەداتەوە.

دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی دیندار زێباری لەسەر زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان پەیوەندی کرد بە ناوبراوەوە بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

ڕەگەز کەمال هاوڕێکخەری ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ کە یەکێکە لە گەنجە چالاکە دیارەکان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و گەیاندنی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، دەڵێت"تەواوی ناوەندە جیهانیەکان زۆر بەپەرۆشەوە لەسەر هەموو پێشێلکارییەکان کە دژی چین و توێژە جیاجیاکان ئەنجامدەدرێن دێنە دەنگ بەدیاریکراویش رۆژنامەوانان، بەو پـێیەی چەندین ڕێکخراوی جیهانی تایبەت بە بەرگریکردن لە رۆژنامەوان بوونیان هەیە ئەم هەڵمەتە رەشبگیری و زنجیرە دەستگیرکردنانەی کە لە ماوەی رابردوو دژی رۆژنامەوانان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد ئەنجامدرا لەلایەن تەواوی ئەو ڕێکخراوە جیهانیانەوە شەرمەزارکراون و دەسەڵاتی کوردیان وەک دەسەڵاتێکی دژ بە کاری رۆژنامەگەری و بیروڕای ئازاد ناساند هاوکات بەردەوام لە راپۆرتەکانیاندا هۆشداری دەدەن بە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوەی کە ڕێز لە کاری رۆژنامەوانان بگرێت و ڕێگە بدات رۆژنامەوان و میدیاکاران بە ئازادانە کاری پیشەیی خۆیان بکەن هەروەها ماوەی چەند ساڵێکە عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەکێک لەو ناوچانەی جیهان هەژماردەکەن کە کاری رۆژنامەگەریی تیایدا مەترسیدارە. "

"ئێستا زیندانەکانی هەرێم رۆژنامەنووسی تیا نییە. بەڵام هیچ زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی پەنا بۆ دەستگیرکردن ببرێت لە کەیسەکانی بڵاوکردنەوە" ئەمە وتەی دیاری مەحمود بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆیە بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی ئەمساڵدا پێنج حاڵەتی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ .

بەشێک لە چاودێران و ئەو ڕێکخراوانەی بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکەن پـێیان وایە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە هەرێمی کوردستان نەبۆتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان.

"ئەگەرچی لە ئێستادا ئامارێکی دیاریکراو و دروستمان لەبەردەستدا نیە بەڵام لە دەستپێکی پێکهێنانی ئەم کابینە تازەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زۆرترین پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەوانان و چین و توێژەکانی دیکە ئەنجامدراون، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە"ڕەگەز کەمال هاوڕێکخەری ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، وای وت"

دیاری مەحمود، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستان وتی" ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق (5) پێنج حاڵەتی دەستگیرکردن بۆ ماوەی جیاجیا لە سەنتەری میترۆ تۆمار کراون، دواهەمینیان ئەوەی هێمن مامەند بوو کە لە رۆژانی رابردوو بە کەفالەت ئازاد کرا. ئێستا زیندانەکانی هەرێم رۆژنامەنوسی تیا نییە. بەڵام هیچ زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی پەنا بۆ دەستگیرکردن ببرێت لە کەیسەکانی بڵاوکردنەوە. کەیسی رۆژنامەنووس ئازاد عوسمان بڕیاری حوکمدانی بۆ سێ مانگ دەرچوو بەڵام جێبەجێنەکرا."
" پەنابردنە بەر یاسای سزادانی عێراقی و یاساکانی تر "

لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی یاسای ژمارە (35) ی ساڵی 2007 هەیە بەپێی یاساکە لە حاڵەتی ساغبوونەوەی تۆمەت بەسەر ڕۆژنامەنووسدا لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی سزای دارایی (غەرامە)ی بەسەردا دەسەپێنرێت و دەستبەجێ ڕۆژنامەنووس ئازاددەکرێت، یاساکە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە.

بەڵام ئەوەی دووبارە دەبێتەوە وە بۆتە جێگای ناڕەزایی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و پارێزەرەکانیان کارکردنە بە یاسای ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩، یاسای سزادانی عێراقی کە هەندێک جار پەنا دەبرێتە بەر ماددەی(٤٣٣)ی یاساکە کە باس لەناو زڕاندن دەکات یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات بۆ لێپێچینەوە و کردنەوەی دۆسیە لەسەر ڕۆژنامەنووسەکە.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بەکارهێنانی یاسای سزادانی عیراقی بە تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنووسان وەسف دەکات و دەڵێت"سەنتەری میترۆ لە ماوەی رابردوودا بەدواداچوونی بۆ چەند کەیسێکی رۆژنامەگەری کردووە، سەرنجی داوەتە هەندێک لە کەیسەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوە لە بنکەکانی لێکۆڵینەوەی هەرێمی کوردستان، بە تەواوەتی یاسای کاری رۆژنامەنووسی فەرامۆشدەکەن و بە یاسایەکی تر لێکۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەکرێت و (دەستبەسەرکردن) لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، وەک تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنووسان، بەکارده‌هێنن. لەبری یاسای رۆژنامەگەری پەنا بۆ یاسای گشتی دەبرێت ، ئەمە لە کاتێکدا مەبدەئێکی یاسایی هەیە کە " الخاص یقید العام" پێشێل دەکرێت . لە یاسای کاری رۆژنامەگەریدا، باس لە دەستبەسەرکردن و حوکمی زیندان نەکراوە، دەبێت بە بڕگەکانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکرێت، دەستبەسەرکردن و راگرتنی رۆژنامەنووسان لە بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەکردنەوەیە لە میدیاکاران و ئێمە رەتیدەکەینەوە.

هێمن عومەر پارێزەر لە دادگای سلێمانی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان دەڵێت" لە ڕاستیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە تایبەت دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕوو لە هەڵکشانە بە هەمان شێوە یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانیان لەو ئاستەدا نییە کە یاسا ڕێی بۆ داناوە بێگومان ئەوەش بە هۆی ئەوەی کە سروشتی پیشەی ڕۆژنامەوانی وایە کە لە بەریەککەوتنی بەردەوامدایە وەکو ڕوونە یاسایەکی تایبەت بە رۆژنامەنووسان لە ئێستادا بەرکارە ئەویش یاسای ژمارە ( ٢٤)ی ساڵی (٢٠٠٨)ە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە بە پێی ئەم یاسایە بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە لێپێچنەوەی ڕۆژنامەنووس نادرێت بە پێی یاسایەکی تر جا ئەو یاسایە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بێت یان یاسای سزادانی عێراقی، مادام لە کاتی ئەنجامدانی پیشەکەیدا بووە ، ئەمەش بە ڕوونی لە مادە (١٢)ی یاساکەدا هاتووە کە کار بە هیچ بەند و یاسایەک ناکرێت پێچەوانەی ئەم یاسایە بێت."

"لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووساندا نیە بەپێی یاسایەکی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت چونکە لە یاسا تایبەتەکەیاندا (یاسای کاری ڕۆژنامەوانی) پارێزبەندی واتە "حصانەی" تایبەتیان هەیە و لەسەر هەر سەرپێچییەک کە لە ماددەی ( ٨ و ٩ ) دا هاتووە تەنها بە غەرامە سزا دەدرێت، واتە بەندکردنی تێدانیە کە ئەمەش لە هیچکام لە دوو یاساکەی تردا نابینرێت و سزا تێیاندا قورسترە" پارێزەر هێمن عومەر وای وت".

پاساوەکان و وەڵامەکان بۆ بەکارهێنانی یاسای تر جگە لە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە لە دەرەوەی ئەرک و دەزگاکەی خۆی هەواڵی ناڕاست یا ناوزڕاندنی لەسەر کەسێک یا دامودەزگایەک بڵاوکردۆتەوە، بۆ ئەمەش یاسا وەک کەسێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

دادوەر پشتیوان سمکۆ وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە دەڵێت" ڕاستە ڕۆژنامەنووسان یاسای تایبەت بەخۆیان هەیە بەڵام کاری ڕۆژنامەنووسی لە یاساکە لە ماددەی (6-9) دیاریکردووە کە ڕۆژنامەوان ئەگەر هەواڵێکی ناڕاستی بڵاوکردەوە ئەوا بەپێی یاساکە ماوەی 90رۆژ دانراوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەگەرنا ڕۆژنامەوانەکە غەرامە دەکرێت، بەڵام جاری واهەیە ڕۆژنامەنووسەکە لە دەرەوەی کاری ڕۆژنامەوانی وەک هەر کەسێک پێشێلکاری دەکات لە دەرەوەی ئەو یاسایە ئەو کات یاساکە ژمارە 111ی ساڵی 1969 یاسای سزادانی عێراقی بەپێی ئەو یاسایە وەک هەرکەسێکی تر دەستگیردەکرێت، بۆ نمونە ڕۆژنامەنوس تاوانی وەک (دزی- تەشبیه نەبێت وە ڕێزم بۆ ڕۆژنامەنووسان هەیە یان فێڵ و خیانەت بکات یاخود بێت لە تەلەفزیۆن یا فەیسبووکی خۆیانەوە ناوی خەڵک بزڕێنێت، ئەو کات یاسای سزادانی عێراقی لەسەر جێبەجێ دەکرێت واتە ناکرێت لە دەرەوەی کارەکەی خۆی کە لە کاتی کاردا بێت بۆ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندنەکەی بێت قسە بکات لەناو خەڵک و فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر یان وێبسایتی خۆی دواتر بڵێت لەبەر ئەوەی من ڕۆژنامەنووسم."

وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" ناکرێت ئازادی ڕۆژنامەنووسی بەو ئەندازەیە بێت کە لە دەرەوەی کاری ڕۆژنامەوانی یاسا پێشێلبکات و دواتریش بڵێت دەبێت ئەو یاسایەم بەسەردا جێ بەجێ بکات ، بۆ نمونە لە تاوانی بینراو (جریمەی مەشهودە) هەندێک جار پەرلەمانتارە یا دادوەرە بێ ئەوەی ڕەزامەندی مەرجەعی وەربگیرێت وە حەسانەکەی لێ وەرگیرابێێتەوە دەستگیردەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، بۆ ڕۆژنامەنووسیش هەروایە ئەگەر هەر ماددەیەک لە کاری ڕۆژنامەوانی باس نەکرابوو ئەو کات دەگەڕێتەوە سەر یاسا گشتیه‌كه‌ کە یاسای سزادانی عێراقیە."

دیاری مەحمودی بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆش دەڵێت" ئێمە کە داوای جێبەجێکردنی یاسای رۆژنامەگەری و فراونکردنی ئازادی رۆژنامەنوسی دەکەین، واتە دەمانەوێت دیموکراسیەت لە هەرێمی کوردستاندا بچەسپێت، ئەوانەی بە پێچەوانەشەوە کار دەکەن خۆیان بە دەستی خۆیان زیان لە ئەزمونی حوکمڕانی کوردستان دەدەن. بیرمان نەچێت پیشەی رۆژنامەنووسی، وەک هەر پیشەیەکی تر قابیلی ئەوەیە رۆژنامەنووس هەڵەبکات، ڕەنگە بە هۆی ئەو هەواڵانەی بڵاوی دەکاتەوە، خەڵکێک زەرەرمەند بن و ببێتە هۆی لەکەدارکردنی کەسایەتییان، بۆ ئەمەش پێویستە بە پێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لە کەیسەکانی نووسین و بڵاوکردنەوە بکرێت کە یاساکە سزای غەرامەکردنی داناوە. بەڵام ئێستا مۆدێلێکی تری داوای یاسایی هاتۆتە ئاراوە ئەویش تۆمارکردنی سکاڵایە بە پێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ئەمەش وا دەکات ئەو کەسانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت بۆ چەند رۆژێک دەستبەسەربکرێن و ببرێنە ناو تاوانبارانی تر. هیچ ڕەوایەتییەک بۆ ئەمە نییە."
"هەڵکوتانە سەر ڕۆژنامەنووس "

دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان هەندێک جار لە کاتە جیاوازەکانی شەودا دەبێت، هێزە ئەمنیەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانیان.

هێمن مامەند کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسەکانی شاری هەولێر لەدرەنگانێکی شەودا دەستگیرکرا.

مامەند لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەروبەندی گرتنەبەری ڕێ‌وشوێنی توندی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرەسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بانگەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی شاری هەولێر کردبوو ئەگەر زیاتر پێدانی موچەی فەرمانبەران دوابکەوێت."

دایکی هێمن مامەند باس لە شێوازی دەستگیرکردنی هێمن مامەند دەکات، دەڵێت"بۆ دووەم جارە هێمن-یان دەستگیرکرد، جاری یەکەم کاتژمێر 8:15 ئێوارە، جاری دووەمیش کاتژمێر یەکی شەو بوو هێزێکی ئەمنی زۆر هەڵیانکوتایە سەرماڵمان، هەیە و نیە پیرەژنێک و هێمنە لە ماڵ بەڵام ئەوان بەو ژمارە زۆرە ئەمن و ئاسایایشە هەڵیانکوتایە سەر ماڵمان دوای بیست و چوار کاتژمێر لە ئازادکردنی بوو، بۆخۆم فەقەراتی مل و پشتم هەیە بەشێوەیەکی ناشرین پاڵیان پێوەنام کاتێک هێمن-م ڕادەکێشا و داوام دەکرد نەیبەن دراوسێکان هەڵیانگرتمەوە، هێمن خۆ ڕەتی نەکردەوە وتی ئامادەم لەگەڵتان بێم من هیچی خراپم نەکردووە تەنها داوای مافی میللەت دەکەم کە هەژارن."

سەعدیە عەزیز دەشڵێت " یەکەم جار کە هاتن هێمن دەستگیربکەن باش بوون، بەڵام دووەم جار "بەماڵ کەوتن" بە پۆستاڵ و سیلاحەوە بە شێوەیەکی ناشرین بوو ، پێم وتن وەک جارەکەی تر مەکەن کە بە بیجامەوە بردتان با ئەم جارە پانتۆڵێک لەبەر بکات، کاتێک هاتن تاریک بوو ئیتر نازانم حکومەت بۆ خۆی کارەبای کوژاندبۆوە تا دەرنەکەوێت کێ و کێن یا چی، تەنها کارەبای مولیدە هەبوو، یەک گڵۆپمان ئیشی دەکرد، کۆڵانەکە هەمووی تاریک بوو، وە هیچ بەڵگەیەک و فرمانی دادوەرییان پێ نەبوو تا دەستگیری بکەن منیش و هێمنیش داوامان کرد کە بەڵگەی دەستگیرکردنمان پیشان بدەن بەڵام وتیان پێمان نیە و لە مەخفەر هەیە."

"هێمن مامەند هیچ تاوانێکی نەکردووە تەنها لەسەر داواکردنی قوتی میللەت دەستگیرکراوە، چونکە میللەت برسی و "ڕووت و قوتە." بەڵام وەک ئەوەی کوڕەکەم داعش بێت، ئەگەر داعشیش بووایە ئەو هەموو هێزە نەدەهاتنە بەردەم ماڵمان بە پەنجا ئۆتۆمبێلەوە تەنانەت کە دراوسێکانمان ویستیان بێنە دەرەوە نەیاندەهێشت بێنە دەرەوە."سەعدیە عەزیز دایکی هێمن مامەند وای وت."

دایکی هێمن مامەند لەو شەوەی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵیان دەڵێت دەستم ئازاری پێگەیشتووە لەو ڕووەوە دەڵێت "لەو شەوەوە کە پاڵیان پێوەناوم قۆڵی ڕاستم ئازاری هەیە و عەزێتی گەیشتووە بەڵام وەک دەزانن لەم ماوەی کەرەنتینەدا نۆرینگەکان نیە تابچم سەردانی دکتۆر بکەم بەڵام بێ غایەت قۆڵم لەوکاتەوە ئازاری هەیە و کاری ناوماڵم بۆ ناکرێت."

پێدەچێت دایکی ئەو ڕۆژنامەوانە بە جۆرێک لە هێزە ئەمنیەکان ترسابێت کە پەنا بباتە بەر نوێنەرانی وڵاتانی تر تا دوای ئازادکردنی کوڕەکەشی هێزە ئەمنیەکان نەچنەوە بەرماڵیان. "بەنیازم پەنا ببەمە بەر کونسڵخانەی ئەمەریکا کە بمانپارێزن، وە داواش دەکەم تەنانەت دوای ئازادکردنی کوڕەکەم هێزە ئەمنیەکان نەیەنەوە بەردەمی ماڵمان لێییان دەترسم چونکە زۆرن کە دێنە بەردەم ماڵمان بەو هەموو ئۆتۆمبێل و چەک و هێزە ئەمنیەوە" دایکی هێمن مامەند وای وت.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە ( عەمید دلێر نەجاڕ )بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پاش چەند جارێک لە پەیوەندیکردن وەڵامی دایەوە و وتی "ئێستا ناتوانم قسە بکەم لە کۆبونەوەم" پاش چەندجارێکی دیکە لە پەیوەندیکردن وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدەدایەوە.

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆنامەنووسانی کوردستان دەڵێت:

"لەسنووری لقەکەی ئێمەدا واتە سلێمانی تا ئێستا هەڵکوتانە سەر رۆژنامەنووس لەسەر کەیسی رۆژنامەوانی ڕووینەداوە، هەندێک بابەت و ڕووداوی پێشتر هەبوون لەسەر ئەوەی رۆژنامەنووس تۆمەتبار بووە بە بابەتی ترەوە وەک تیرۆر و قەرزو شەڕ و هەڕەشە و کێشەی خێزانی، تەنانەت لەو کەیسانەش ئێمە ئاگادار کراوینەتەوە کە وتوومانە ئەوانە پەیوەست نین بە ئێمەوە."

هەروەها وتی" لەگەڵ دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند داوامان کرد سەندیکا هەڵوێستی توندو جدی هەبێت، بەڵام بە تاکە بەیاننامەیەک کە من ئێستاش پێم وایە زۆر شەرمنانەبوو، لیژنەی داکۆکی کەیسەکەی قوفڵ کرد، بۆیە ئەو هەڵوێستە لەرزۆکە، بووە مایەی ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسە لەسەریەک سێجار دەستگیر بکرێت و ئازاد بکرێتەوە."


"تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنووسان لەڕێگای داواکاری گشتیەوە "

دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە (هێمن مامەند) لەسەر سکاڵای پارێزگاری هەولێر و دامودەزگاکانی هەولێر بوو کە لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە تۆمارکرابوو، هەندێک ڕەخنەی ئەوەیان لە داواکاری گشتی گرت کە زۆر بابەتی تر هەیە دەکرا پێشتر سکاڵای لەسەر بجوڵاندایە.

هێمنی پارێزەر دەڵێت" دەزگای داواکاری گشتی کە بەشێکی سەرەکی سیستمی دادوەری پێکدەهێنێت کۆمەڵێک ئەرک و مەهامی هەیە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین تێبینی لەسەر ئەم دەزگایە هەبووە بە جۆرەی کە دەبوو هەندێک کەیس بجوڵێنن بەڵام نەجوڵاوە وە بە پێچەوانەشەوە ."

هەروەها دیاری مەحمود بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت"کەیسی هێمن مامەند کەیسی بیروڕاو بڵاوکردنەوە بوو، ئەو دەزگایانەی سەرپەرشتی ئەو کەیسەیان کرد و داوایان جوڵاند ، هەم بەسەر خۆیان و هەم بەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان شکایەوە. چۆن دەبێت لەسەر پۆستێکی فەیسبوک مانگێک خەڵک بکەنە کونجی زیندانەوە، ئەمە هیچ عەدالەتێکی تیا نییە، ئازادی ڕادەربڕین دەسکەوتی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستانە، کەس ناتوانێت زەوتیبکات، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کەم بتوانن ئازادی رۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین گەمارۆ بدەن، بەڵام ناتوانن بۆ هەتا هەتایە لەسەر ئەم رەفتارە بەردەوام بن و خەڵکیش لێیاتن قبوڵ بکات."

داواکاری گشتی لەسەر ئەم ڕەخنانە قسەی خۆی هەیە، دادوەر پشتیوان سمکۆ دەڵێت" ئەو سکاڵایانەی پەیوەندییان هەیە بە دامودەزگاکان و ڕێکخراوەکان و حکومەتەوە بەپێی یاسای داواکاری گشتی ماددە 7 کە دەڵێت" ئەگەر داوایەک پەیوەندی هەبوو بە مافی گشتیەوە، لەسەر داواکاری گشتی واجبە کە یەکسەر بەرزی بکاتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار کە دەسەڵاتی دادوەریی(دادگای لێکۆڵینەوە) یە، لەو ڕوەوە ئێمە سکاڵا دەجوڵێنین ئەگەرنا هیچ داوایەک نەجوڵێنراوە لەلایەن ئێمەوە کە پەیوەندیدار بێت بە کەسێکەوە جا کەسەکە حکومی بێت یا حیزبی یاخود هەرکەسی تر ئەوە دەبێت خۆی لە ڕێگای خۆی یان پارێزەرەکەیەوە سکاڵا تۆماربکات."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە ماوەکانی ڕابردوو کە ڕۆژنامەنووس لە هەولێر دەستگیرکرا و ڕاگەیەندرا کە لەسەر سکاڵای پارێزگاری هەولێر بووە لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە تۆماری کردووه، ئایا ئەو سکاڵایە وەک کەسی نەبوو کە ئێوە جوڵاندتان؟

دادوەر پشتیوان سمکۆ لە وەڵامدا وتی" خۆی دوو- سێ سکاڵا تۆمارکرابوون یەکێکیان هی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ڕوبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بوو، ئەوی تر هی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس وە پارێزگار بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە بوو کە ئەمانە هەمووی دامودەزگای گشتی و مەعنەوین" .
"ئاسایش لەبری پۆلیس ڕۆژنامەنووس دەستگیردەکات "

شێوازێکی تری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بریتیە لەوەی هەندێکجار دەزگاکانی ئاسایش هەڵدەستن بە دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنووسان، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنووس لە تایبەتمەندی پۆلیسە نەک ئاسایش، چونکە بەپێی ماددەی سێیەم لە یاسای دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان-ی ساڵی ٢٠١١ ئەرکی ئاسایشی دیاریکردووە هیچ بڕگەیەکی یاساکە دیاری نەکردووە کە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباری ڕۆژنامەنووس لە ئەرکی ئەواندایە.

زریان محەمەد یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسەکانی شاری سلێمانی دەڵێت" لە ڕۆژی ٤/٧ پاش ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک لە بازرگانان ئاگادار کراینەوە بە هەبوونی قەرەباڵغی زۆر لە ناو بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی بە مەبەستی پێدانی موڵەتی هاتووچۆ، منیش چوومە ئەو جێگەیەو لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانان چاوپێکەوتنم ئەنجام دا و نیگەرانبوون لەوەی قەرەباڵغی هەیە و پاراستنی تەندروستی نیە، پاشان ڕاپۆرتەکەمان بڵاوکردەوە بەمەش بەشی ئابوری ئاسایش نیگەرانبوون لە راپۆرتەکە، پەیوەندیم پێوەکرا کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی بکەم پاش چوونم بۆ ئەوێ لەلایەن بەشی ئابوری ئاسایش مۆبایلەکانم لێسەندرا دوای چەند خولەکێک نێردرام بۆ ئاسایشی سلێمانی، وە پاش مانەوەم بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو بینای ئاسایشی سلێمانی ئیفادەم لێوەرگیرا وە بەڵێننامەیەکم پێ پڕکرایەوە کە نابێت جارێکی تر ڕاپۆرتی لەو شێوەیە بە مۆبایل بکەم. پاشان بە هەوڵی چەند کەسێک بەتایبەت جێگری سەرۆکی حکومەت ئازادکرام."

زریان لە بارەی ئەوەی چییان لێپرسییوە لە ئاسایش "تەنها باسی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو راپۆرتە کە منیش پێم وتن وەک کاری خۆم هەستاوم بە ئەنجامدانی ئەو کارە کە لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە رەزامەندی دراوە بۆ دروستکردنی راپۆرتێک."


دیاری مەحمود وتی "نابێت ئەو راوبۆچوونەی لە لای رۆژنامەنووس دەردەچێت، یان ئەو زانیاریانەی کە بڵاویان دەکاتەوە ببنە هۆی تێکدانی باری ژیانی، یان زیان بە خۆی و مافەکانی بگەیەنێت." بەڵام بە داخەوە نووسین و ئامادەکردنی راپۆرت و هەواڵ لەسەر مەسەلە هەستیارەکان باجی لەسەرە جا یان شاڵاوێک داوای یاسایـیت ڕووبەڕوو دەکرێتەوە یان ژیانت دەخەنە مەتەرسییەوە. لە زۆر بۆنەدا بەرپرسانی باڵادەستی حکومی فەرمانیان داوە کە نابێت ئاسایش لێکۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس بکات. بەڵام هەموو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەست ناپارێزن و کەی و لە کوێ هەلبڕەخسێت بۆ توندوو تیژی ئەنجامی دەدەن."

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستان دەشڵێت"لیکۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس لە کەیسەکانی بڵاوکردنەوە لە لایەن ئاسایشەوە، وەک ئەوە وایە کە شۆفێرێک سەرپێچییەک بکات دەزگای هەواڵگری دەستبەسەری بکات و لێکۆلینەوەی لەگەڵ بکات."

شارەزایانی بواری یاسا، دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنووس بەپێچەوانەی یاسا و لادان لە دەسەڵاتەکان دەزانن، پارێزەر هێمن عومەر دەڵێت"لە ڕاستیدا تایبەتمەندی (اختصاص) ی هەموو دەزگاکانی حکومەت بە یاسا ڕێکخراوە دە ده‌زگاكانی ئاسایش زیاتر لەو کەیسانەدا بەشداری ڕەوتی لێکۆڵینەوە دەکەن کە مەترسیدارن و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، بۆ نموونە ئەو کەیسانەی کە پەیوەندی بە تیرۆر و ساختەکردنی دراو و ڕەشوەوە هەیە بەڵام لەم جۆرە کەیسانەی کە بەڕێزتان باسی دەکەن وەکو کەیسی ڕۆژنامەنووسان دەچێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی بنکەکانی پۆلیسەوە."

بەڵام کاروان ئەنوەر سکرتێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دەڵێت:

"ئەوەی کە من باسی لێدەکەم تەنها سنووری سلێمانی و دەوروبەری دەگرێتەوە نەک شوێنەکانی تر چونکە من سکرتێری ئەم لقەم و لە وردەکاریەکانی تر بە ئامارو داتا ئاگادار نیم. سەبارەت بە کەیسی زریان محەمەد کە بۆچی لای ئاسایش بوو لای پۆلیس نەبوو، منیش ئەو پرسیارەم لە ئاسایشی سلێمانی کرد، چونکە لە کاتی وێنەگرتنی ئەو رۆژنامەنووسە بۆ کۆبوونەوەیەک لە کاتی کەرەنتیندا هێزەکانی ئاسایش لەو ناوەدا بوون و گومانیان لا دروست بووە، بۆیە تێڵی بۆ دەکەن و داوا دەکەن زریان خۆی سەردانیان بکات، بەپێی خۆی دەڕوات و پاش چەند سەعاتێک کە گومانەکەی ئاسایش دەڕەوێتەوە زریان دەگەڕێتەوە ماڵەوە، سات بەسات من لەگەڵ رووداوەکەدا بووم و تەنها گومانێک کرابوو نەک تۆمەتێک بووبێت."

بەڵام وتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەڵێت "دەرگای داواکاری گشتی و دادگا کراوەیە بۆ هەرکەس مافی پێشێل کرابێت، ئێمە خۆمان ئاگاداری کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسە نین."

" هەروەک هەموو دەزگاکانی تر بەپێی ڕێنماییەکان "ئیختساسی نەوعی" بۆ دەزگاکانی ئاسایش دیاریکردوە کە لێکۆڵینەوەیە لە کاری تیرۆر و ڕفاندن و ماددەی هۆشبەر و بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە، بەڵام ئەوەی دەوترێت ڕۆژنامەنووسێک لە سلێمانی دەستگیرکراوە لە کاتی کارەکەیدا لە سلێمانی جگە لەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە بەڵێننامەی پێ پڕکراوەتەوە من ئاگاداری ئەوە نیم و زانیاریم نیە لێدوان نادەم بەڵام ئەو کەسە ئەگەر پێشێلی مافی وەک شەخس کرابێت ئەوا دادگا دەرگای کراوەیە، وە داواکاری گشتیش دەرگای کراوەیە دەتوانێت بێت و سکاڵای یاسایی خۆی تۆماربکات وە ئێمە بەدواداچونی تەواوی بۆ دەکەین لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە پێشێلی مافیان کرابێت چونکە داواکاری گشتی لە کوردستان بەرپرسیارە لە مافی گشتی جا مافەکە لای حکومەت بێت یان ڕێکخراوە پیشەییەکان بێت یان خەڵکێکی مەدەنی بێت لە زاخۆوە هەتا خانەقین بە هەموو نەتەوە و ئاینه‌ جیاوزەکان و ڕێکخراو و لایەنە سیاسیەکان، واتە داواکاری گشتی بەرگری لە مافی هەمووین دەکات." دادوەر سمکۆ پشتیوان وای وت.
"ئامادەنەبوونی نوێنەری سەندیکا"

لە زۆربەی کەیسەکانی ڕۆژنامەنووسان کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان دژییان جوڵێنراوە نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئامادە نەبووە، ئەمەش بەپێی ماددە (٨) لە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان.

پارێزەر هێمن عومەر دەڵێت"ئەگەر بە وردی سەیری یاسای ڕۆژنامەنووسی بکەینەوە لە مادە (٨) کە باسی پارێزبەندی دەکات بۆ ڕۆژنامەنووس ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کارێکی لەو جۆرە کە بەڕێزتان باسی دەکەن بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی ناوبراو کراوە پێچەوانەی یاسایە چونکە لە ماددەی ئاماژە بۆ کراودا هاتووە کە نابێت رێوشوێنی یاسایی دژی ڕۆژنامەنووس بگیرێتەبەر تەنها بە بڕیاری دادگا و دوای ئاگادار کردنەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان نەبێت."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سەندیکا بۆچی نوێنەرییان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ئامادە نابێت یان ئاگادار دەبن لەو کەیسانە؟

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان وتی" لە سنووری سلێمانی ئامادەبوونی نوێنەری سەندیکا لە بنکەکانی پۆلیس یان دادگاکان، بەڵگە نەویستە و هەر کەیسێک بە یاسای ژمارە 35 سکاڵای لەسەر تۆمارکرابێت نوێنەری سەندیکا و نوێنەری یاسایی و پارێزەری سەندیکا یەکێکمان ئامادەی دەبین، بەڵام ئەگەر کەیسەکە بە یاسا عێراقیەکان یان یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکان بێت، لەو کاتەدا دادگا داوای نوێنەری سەندیکا ناکات، بۆیە لەو کەیسانەدا نوێنەری سەندیکا ئەگەر ئامادەش ببێت دادوەر ناهێلێت بچێتە ژوورەوە بۆ هۆڵی دادگا."

" هێشتنه‌وه‌ی ڕۆژنامەنووسان لە بەندیخانە "

بەپێی یاسای کاری ڕۆنامەگەری لە هەرێمی کوردستان " ڕۆژنامەوان پاش لێکۆڵینەوە بە کەفالەت ئازاد دەکرێت."

هێمن عومەری پارێزەر دەڵێت" ئەگەر ڕۆژنامەنووس بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا ئەوا دادوەر پێویستە دەستبەجێ (ڕۆژنامەنووسی تۆمەتبار) ئازاد بکات بە دەستەبەرێک (کفاله‌) یان بەبێ دەستەبەر مادام ئازادکردنەکەی نابێتە هۆی هەڵهاتنی و زیان گەیاندن بە ڕەوتی لێکۆڵینەوە ، ئەمەش لە یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان لە مادەی (١١٠) ئاماژەی پێکراوە."

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت" سەنتەری میترۆ لە ماوەی 10 ساڵی رابردودا لە هەموو راپۆرتەکانیدا داوای لە بەرپرسانی حکومی و حزبی کردوە، لە کێشەکانیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان پەنا بۆ یاسا ببەن، بە یاسا کێشەکانیان یەکلابکاتەوە. ئێمە داوای یاسایی بە هەنگاوێکی پێشکەوتوو دەزانین، گەر بە نیازی گەڕانەوەی (ماف بێت بۆ خاوەن ماف) نەک بکرێنە فشاری سەر میدیاکان، تا باس لە کەیسە هەستیارەکان نەکەن. کاری جدیشمان کردووە تا کەیسەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوە، بە یاسای تایبەت بە رۆژنامەگەری دادگاکان یەکلاییبکەنەوە، لەو کەیسانەیشدا مامەڵەی "تاوانبار و بکوژ" مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووس نەکرێت، دەستبەسەرکردن وەک تۆڵەکردنەوە بەکار نەیەت. رۆژنامەنووس تیکەڵ بە تلیاکخۆر و بکوژی ژنان نەکەن."

هێمن مامەند لە دووجار دەستگیرکردنیدا زیاتر لە مانگێک لە زیندان مایەوە، هەروەها زریان محەمەدیش بۆ چەند کاتژمێرێک لە زیندان مایەوە.

کاروان ئەنوەر دەڵێت" مانەوەی رۆژنامەنووس ئەگەر کەیسەکەی میدیایی بێت لە قید التحقیق بۆ کاتێکی زۆر، بە هیچ شێوەیەک یاسایی نیە، لەگەڵ دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند داوامان کرد سەندیکا هەڵوێستی توندو جددی هەبێت."

کۆتایی:

مەبەستی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دیارکردنی 3ی مانگی 5 ئەوەیە بیری حکومەتانی جیهان بهێنیتەوە پێویستە ڕێز لە پابەندبوونیان بە ئازادی ڕاگەیاندن بگرن. نیگەرانی گشتی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەوان ئەوە بوو کە حکومەته‌كان لە ڕه‌وشی تایبەتی بەهۆی ڤایره‌سی کۆرۆنا درووست بووە، رۆژنامەوانان زیاتر هەراسان و سنووردابکەن لە ڕووماڵکردنی دۆخه‌كه‌، هه‌رێمی کوردستانیش لەم نیگەرانییە بێبەش نییە.سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گۆتێڕێز لەو بارەیەوە داوا لەحکوومەتان دەکات،" دەزگاکانی ڕاگەیاندن بپارێزن و پشتیوانی لە رۆژنامەوانان بکەن تائەوان بتوانن بەئەرکی خۆیان(رووماڵکردن) هەستن لە کاتی پەتای کۆرۆناو پاش دۆخی كۆرۆنا-ش."


PM:02:35:03/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو