شاسوار عەبدولواحید رای خۆیانی لەسەر لامەركەزی دەربڕی

‌دیمەنێك لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ لامەركەزیدان بەو مەرجەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە، بەڵام ئەگەر مەبەست لێی دوو ئیدارەیی بێت ئەوان دژین.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمشەو لەكۆنگرە رۆژنامەوانیییەكەدا و لەوەڵامی پرسیاری وێستگە نیوز سەبارەت بەپرسی لامەركەزی رایگەیاند، ئەگەر مەبەست لەلامەركەزی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە، ئەوە كارێكی باشە و پێشكەوتنی وڵاتانی دنیا بەشۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە، چونكە پێویست ناكات كەسێك لەشارۆچكەكان بڕواتەوە بۆ سەنتەری شارەكان بۆ راییكردنی مامەڵەكانی.

ناوبراو هۆشداریدا و وتی "بەڵام ئەگەر مەبەست لەو پرسە دوو ئیدارەیی و جیاكردنەوەی هەرێمەوە ئەوە كارێكی خراپە و گەڕانەوەی كوردستانە بۆ دواوە و لەگەڵ ستراتیژمان ناگونجێت، راستە ئێمە كێبڕكێ لەگەڵ پارتی و یەكێتی دەكەین، بەڵام دژی خەڵك و هەرێمی كوردستان نین، بەڵكو كوردستان دەتوانین بەهێز بكەین بەدامەزراوەی بەهێز".

شاسوار عەبدولواحید روونیكردەوە "ئەسڵەن نە پارتی لەهەولێر و دهۆك نمونەیەكی جوانی پێشكەشكردووە تا خەڵك ئاواتی پێ بخوازن نە یەكێتیش بەهەمانشێوە، لای ئێمە هەردووكیان وەكو یەكن، ئەگەر یەكێك بیەوێت نموونەیەكی جوان پێشكەش بكات ئەوا دەبێت ململانێ بكات تا خەڵك بڕیار بدات".

ئەمشەو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەخشەڕێگای جوڵانەوەكەیانی بۆ چارەسەری دۆخی ئێستای كوردستان خستەڕوو.


PM:10:42:02/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت