بەرهەم ساڵح پەیامێكی ئاڕاستەی نێچیرڤانی بارزانی كرد


وێستگە نیوز-

بەهۆی كۆچی دوایی نیعمەت خانی ئەوڕەحمان ئاغاوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، پرسەنامەیەكی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خانەوادەی خوالێخۆشبوو كرد.

بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو خاتوو ( نیعمەت خانی حەمەی ئاورەحمان ئاغا) بنەماڵەی ناوداری شاری سلێمانی و پوری بەرێز سەرۆكی ھەرێمی كوردستان- مان بیست".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بەم بۆنە خەمبارەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەكەم و داوام لە خودای گەورە ئەوەیە بەر رەحمەتی خۆی بخات و بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و دوا كۆستی بنەماڵە بەرێزەكەتان بێت و سەبووری و دڵنەوایی هەموو لایەك بدات".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نیعمەت خانی ئەوڕەحمان ئاغا لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، بەڵام بەهۆی رێنماییە تەندروستییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، پرسەی بۆ دانانرێت.


PM:07:39:30/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 30500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت