زیندانیكراوێكی كورد بۆ شوێنێكی نادیار گوازرایه‌وه‌

‌زەینەب جەلالیان

وێستگه‌ نیوز ـ
زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد و تەنیا ژنی سزادراو به‌ به‌ندكردنی هه‌تا هه‌تایی له‌ ئێران، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری خۆیی بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایه‌وه‌.


بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2020، زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆیی راگیرابوو، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەوە نووسیویه‌تی: "گرووپێک لە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە بەندیخانەی خۆیی و بەبێ هۆکارێکی روون زەینەب جەلالیانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە".

بەرپرسانی گرتووخانەی خۆی بە بنەماڵەی ناوبراویان راگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە دۆسیەیەکی نوێ بۆ زێنەب کرابێتەوە و بە مەبەستی لێپێچینەوە بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی تاران راگوێزرابێت.

زەینەب جەلالیان، لەدایکبووی ساڵی 1361ی هەتاوی لە گوندی دیم قشلاقی ماکۆ لە ساڵی 1387ی هەتاوییەوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئێراندایە.

ناوبراو ساڵی 1386ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی 1387 لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران سزای ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا "موحاریبە" لە رێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

حوکمی سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی 1388ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە و پاشان لە ساڵی 1390ی هه‌تاوی، بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی عه‌لی خامنەئی_ـەوە بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا سەرماوەزی 93ی هەتاوی لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشاندا راگیرا و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی بۆ پێنج مانگ لە ساڵی 1388ی هەتاویدا بۆ بەندی 209ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران راگوێزرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە نێوان بەندکراوانی سیاسی ژن لە ئێراندا قورسترین سزای بەسەردا سەپاوە، ساڵی 93ی هەتاوی پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی و بەدواداچوونی ئەوان و قبووڵکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ بەندیخانەی خۆی راگوێزرا و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە راگیرابوو.

هــ. ر


AM:09:35:30/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت