رێبوار كه‌ریم وه‌لی: ئه‌گه‌ر پارتی پاڵ بە یەکێتییەوە بنێ بۆ دوو ئیدارەیی خۆی زەرەر دەکات

‌رێبوار كه‌ریم وه‌لی

وێستگه‌ نیوز ـ
رێبوار كه‌ریم وه‌لی، نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی دیاری كه‌ناڵی رووداو باس له‌ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر پارتی پاڵ به‌یه‌كێتییه‌وه‌ بنێت بۆ دوو ئیداره‌یی، خۆی زه‌ره‌ر ده‌كات.


رێبوار كه‌ریم وه‌لی، شیکەرەوەی سیاسی و نووسەر و رۆژنامه‌نووسی دیاری کەناڵی رووداو به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "هەرگیز نەوت داهاتێکی نیشتیمانی نەبووە، بەڵکو وەک ململانێیەکی ناوخۆ لە نێوان سەرکردەکاندا بەکار هاتووە، کەس نازانێت سندوقی داهاتی نەوت و گاز کە یاساشی بۆ دەرچوو چی بەسەر هات. بڕیاربوو هەموو لایەنەکان ئاگادار بن لە فرۆشتن و خەرجی نەوت، بەڵام کەس ئاگادار نییە، هەروەها ئەو ململانێیەی بەغداش زیاتر پەیوەندی بە لێکەوتەکانی ململانێی ناو خۆی نێوان بەرپرسەکانەوە هەیە، هەر ئەوەشە نەتوانرا هەرێمەکە ئابوورییەکی سەربەخۆی خۆی هەبێت".

هەروەها له‌باره‌ی دۆخی نێوان یەکێتی و پارتیش دەڵێت: "جاران یەکێتی نەیدەتوانی کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی بکات، ئێستا لە ناو پارتی وای لێهاتووە، لە سەر دۆسێی زینی وەرتێ دەرکەوت کە لێدوانی جیاواز هەبوو لە نێوان بەرپرسە باڵاکانی پارتی، جگە لەوەش هەڵەیەکی گەورەیە کە مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە لە دوای دەستبەکار بوونی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "جاران ئاریشەیەکیش هەبوایە رێگە چارەی بۆ دەدۆزرایەوە، ئەگەر پارتی پاڵ بنێت بە یەکێتییەوە بۆ دوو ئیدارەیی، پارتی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، چونکە هەموو شت لە کوردستان بەدەستی پارتییەوەیە، بەڵام مامەلە کردنی دۆخەکە بەوەی کە پارتی وەک براوە رەفتار دەکاو یەکێتیش هەست بە مەغدوری بکات ناڕوات بەرێوە".

لەسەر دۆزی سیاسی کوردو سەنگی کورد لەم دۆخی ململانێی نێوان بەغداو هەرێم رێبوار كه‌ریم وەلی دەڵێت "سەرمان لە خەڵکی خۆمان و بەغداش شیواندووە، کاک مەسعود و مام جەلال بەغدایان کردەوە بە دەوڵەت، دوای ئەوە هاتین ریفراندۆممان کرد بۆ جیابوونەوە، ئێستا بە 180 دەرەجە گەراوینەتەوە بۆ دواوە، بۆ دەستکەوتنی وەزارەتێک یان هەرپۆستێکی تر لە بەغدا".



AM:08:43:30/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت