گۆڕان: لەگەڵ لامەركەزیداین، بەڵام لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین

‌بەشێك لەفراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ لامەركەزی ئیدارین، چونك مەركەزیەت فەشەلی هێناوە، بەڵام لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین.

ئەمڕۆ بەشێك لەفراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەمەكۆی سەرەكی گۆڕان لەشاری سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ خواستی فەرمانبەران و خانەنشینانن، بەشداریشیان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەپێناوی چاكسازی ریشەیی دارایی و سیاسی و كارگێڕی بووە، چونكە ئەگەر ببونایەتە ئۆپۆزسیۆن ئیشیان ئاسان دەبوو، چونكە تەنها رەخنەیان دەگرت.

ناوبراو وتی "ئێمە ئیشی جدییمان لەسەر چاكسازی لەداهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان و باج كردووە، قاچاخچێتی زۆر دەكرێت هەندێك كۆمپانیا مانگانە نزیكەی 55 ملیۆن دۆلار وەردەگرن، لێكۆڵینەوەیەكی وردمان بۆ سەرجەم خاڵە سنورییەكان كردووە و گەیاندومانەتە سەرۆكایەتی حكومەت، ئەوەش چەند بڕیارێكی لێكەوتەوە".

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەكرد "تێبینیمان لەسەر باج هەیە لەرابردوودا هەندێك كۆمپانیای لێخۆشبوونی باجیان بۆ كراوە و ماوەیان بۆ درێژكراوەتەوە، بۆیە هەرچەندە بەشێك بووین لەدەسەڵات، بەڵام بەچاوێكی وردی ئۆپۆزسیۆنیانەوە كۆی ئەو گەندەڵییانەمان خستۆتەڕوو بۆ چارەسەر، بەڵام ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی لەبەردەم هێرشێكی ناڕەوادان، ئێمە بەرپرسیارین لەو نۆ مانگە و 12 كورسییەی هەمانە، نەك 29 ساڵی رابردوو، بۆیە لەڕۆژانی داهاتوو لەڕێگەی وەزیر و فراكسیۆن و پەیوەندی حیزبییەوە هەنگاو دەنێین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

سەرۆكی فراكسیۆنی وتیشی "تا ساڵی 2013 زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار داهاتی نەوت بووە و ئەوەشمان خستۆتە بەردەم ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز كە خۆتان دەزانن ئەو پارەیە چۆتە چ بانكێك، ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی بۆ بانكی كوردستان كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەو پارانەی نەوت كە چوونەتە ئەو بانكە".

لەچەند رۆژی رابردودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی لامەركەزی دارایی و ئیداری دەستی پێكردووە، لەو بارەیەوە  عەلی حەمەساڵح روونیكردەوە "بۆ لامەركەزیەتی ئیداری، لەبەرنامەی گۆڕان یەكەم خواستمان لامەركەزی بووە، نەك بۆ سلێمانی، بۆ قەزای كەلار و رانیەش لەگەڵیداین و باشترین نموونەی حوكمڕانییە، بەڵام لەگەڵ دوو مەركەزی و دوو ئیدارەیی نین".


PM:04:16:29/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت