فراكسیۆنی كۆمهڵ: لە کوێی دونیادا حکومەت ههیه موچەی یەکەم مانگی ساڵ نهدات و بە خۆشی بڵێت حکومەت
وێستگه نیوزـ
فراكسیۆنی كۆمهڵی ئیسلامی له پهرلهمانی كودستان، لهبارهی دابهشنهكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه و دهڵێت " لە کوێی دونیادا و چی حکومەتێک هەیە کە ساڵی گەیاندبێتە نیوە و هێشتا نەیتوانیبێت موچەی یەکەم مانگی ساڵ بدات و بە خۆشی بڵێت حکومەت".
له راگهیهنراوهكهی فراكسیۆنی كۆمهڵدا هاتووه" بەداخەوە لاوازی ڕۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پاشکۆبوونی پەرلەمان بۆ سیاسەتەکانی حکومەت و زاڵبوونی هەژموونی حزب بەسەریدا گوێیان بۆ نەگرتین و لە ئاستی کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا نەبوون".
فراكسیۆنی كۆمهڵ لهپهرلهمانی كوردستان حكومهت بهبهرپرسیار دهزانێت له ئاست رهوشی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان و رایدهگهیهنن،" ئۆباڵی ئەم دۆخە دژوارە و خراپی گوزەرانی خەڵک دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسایەی بێ پلانی و بێ باکی ئەوانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت و کۆمەڵگە بەرەو کارەسات دەبات و، هیچ کەسیش ناتوانێت خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنی خەڵک تاقی بکاتەوە".
دهقی راگهیهنراوهكهی كۆمهڵی ئیسلامی له پهرلهمانی كوردستان:
ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی "کۆمەڵ"ـەوە سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
سەرەتا سوپاس بۆ خوای گەورە کە خەریکە بەتەواوی پەتای کۆرۆنا لەناومان هەڵدەگرێ و ڕۆژانەش مژدانەی چاکبونەوەی توشبوان و تۆمارنەکردنی حاڵەتی نوێ دەبیستین و بەمبۆنەیەشەوە ڕێز و سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی و هێزەکانی ناوخۆ هەیە .
بەڕێزان
ئەوە مانگی نیسانیش بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران و موچەخۆران بدات و هیچ پلان و هەنگاو و قسەیەکیشیان پێ نیە تا ئومێدێک بۆ خەڵک بگێڕنەوە .
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانمان چڕکردەوە تا پەرلەمانی کوردستان لەم بابەتەدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گوزەرانی هەموو هاونیشتمانیانەوە هەیە قسەی هەبێت و حکومەت و وەزارەتی دارای ناچار بکات بە دەستهەڵگرتن لەم بێباکی و خەمساردییە، بەڵام بەداخەوە لاوازی ڕۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پاشکۆبوونی پەرلەمان بۆ سیاسەتەکانی حکومەت و زاڵبوونی هەژموونی حزب بەسەریدا گوێیان بۆ نەگرتین و لە ئاستی کێشە و گرفتەکانی خەڵکدا نەبوون .
لە کوێی دونیادا و چی حکومەتێک هەیە کە ساڵی گەیاندبێتە نیوە و هێشتا نەیتوانیبێت موچەی یەکەم مانگی ساڵ بدات و بە خۆشی بڵێت حکومەت !
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ ئۆباڵی ئەم دۆخە دژوارە و خراپی گوزەرانی خەڵک دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسایەی بێ پلانی و بێ باکی ئەوانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت و کۆمەڵگە بەرەو کارەسات دەبات و، هیچ کەسیش ناتوانێت خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنی خەڵک تاقی بکاتەوە و ئەنجامی چەوساندنەوە و برسیکردن ئێجگار خراپە و دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت .
لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنین، دابینکردنی موچە سەرەتاییترین ئەرکی حکومەتە و پێویستە لە زوترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی بکات و دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکاتە پاساوی دواخستنی لەوە زیاتر . چونکە حکومەت ئەگەر خاوەن پلان و سیستمێکی کارگێڕی تەندروستی شەفافی دوور لە گەندەڵیی بوایە، دەبوو بیری ڕۆژێکی وا لە بەرنامەیدا بێت و پلانێکی هەبوایە کە دەستەوسانی بەردەم خەڵک و فەرمانبەرەکانی خۆی نەبێت .
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
PM:09:36:20/04/2020
ئهم بابهته 3092
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت