سیسی په‌یوه‌ندی به‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق په‌یوه‌ندییه‌كی له‌ هاوتا میسرییه‌كه‌یه‌وه‌ پێگه‌یشت و هه‌ردوولا تاوتوێی دۆخی كۆرۆنایان كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ی نیسانی 2020، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر پێگەیشت و تیایدا هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی پتەوكردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی و فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییە هاوبەشەكان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا، و پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری و ئارامی و ئاسایشەكەی.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سیسی پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار كرد بەبۆنەی راسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هیوای خواست كازمی سەركەوتوو بێت لە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ھەروەھا ئاماژەیكرد بەرۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەكەدا.

لەلای خۆیەوە سەرۆك كۆماری عیراق سوپاسی سەرۆكی میسری كرد بۆ ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە و هیوای خواست میسر ھەمیشە لە پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتردا بێت، ھاوکات بەبایەخیشەوە باسی لە پەیوەندی دێرین و برایانەی نێوان عێراق و میسر كرد كە هەردوو وڵاتی برا بەیەكەوە گرێدەدات.

دووپاتیشیكردەوە كه‌ عیراق سووره‌ له‌سه‌ر پتەوكردنی ئاسۆی هاریكارییە هاوبەشەكانی هەردوولا و بەبایەخەوە باسی لە هەڵوێستی كۆماری میسر كرد بۆ پشتیوانیكردنی عێراق لە تەواوی بوارەكاندا و ئەو رۆڵە كارایەی كە بینیویەتی لە چەسپاندنی كاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ئاستەنگەكانی ئێستا كە ناوچەكەی گرتووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا لەبارەی چەند مەسەلەیەكی ناوچەیی جێی بایەخی هەردوولا، لەگەڵ ئەو هەوڵە هاوبەشەی كە دەنرێت بۆ پتەوكردنی ئاسۆی هاریكاری سێ‌ لایەنە لەگەڵ ئوردن، لەبارەی خستنەرووی ئەو رێكارانەی كە گیراونەتە بەر لەسەر ئاستی نیشتمانی هەردوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرئەنجامەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.


PM:11:44:18/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو