پارێزگای سلێمانی قۆناغی دەستپێكردنەوەی ژیانی راگەیاند


وێستگە نیوز-

پارێزگای سلێمانی دوو قۆناغی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێپەڕاند و خۆی بۆ قۆناغی سێیەم ئامادە دەكات كە دەستپێكردنەوەی ژیانە.

ئەمڕۆ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامیی شاری سلێمانی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ قۆناغی یەكەم و دووەمی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیدا كراو بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ قۆناغی سێیەم دانرا.

بەپێی راگەیەندراوی پارێزگای سلێمانی، لەكۆبوونەوەكەدا باسی قۆناغەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراوە كە لە قۆناغی یەكەمدا لە 30ی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی پێكردووە، قۆناغی دووەم، قۆناغی خۆپارێزیی هاوڵاتیان‌و قەدەغەی هاتووچۆو وەستانی ژیانی گشتیی‌و كاركردن بوو لەسەر پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی تاك‌و كۆمەڵگا.

هەروەها ئاماژە بەقۆناغی سێیەم دراوە كە قۆناغی پاراستنی بژێویی ‌و ئاسایشی ئابووریی خەڵك‌و كەرتی تایبەتە بە تەریبی لەگەڵ پاراستنی بەردەوامی ئاسایشی تەندروستیی‌و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنادا، لەم قۆناغەشدا وەك قۆناغەكانی تر پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پابەندیی خۆپارێزیی‌و تاكپارێزیی‌و كۆمەڵگا پارێزیی هاونیشتمانان وادەكات بتوانن هێدی هێدی، قۆناغ بە قۆناغ دەرفەتی زیاتری ژیانكردن‌و كارو كەسابەت‌و بژێوی هاووڵاتیان ڕێكبخەنەوەو بكەنەوە، ئەمەش بە پابەندبوونی تەواوی هاووڵاتیان دەبێت بە خۆپارێزییان‌و بە ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكانەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، هەموو لایەك ئاگادار كرانەوە لە هەر كارێكی زیادەڕەویی و سەرپێچیكردن و بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون و دروستكردنی قەرەباڵغی لە هەر شوێنێكداو، ڕێكاری توندی یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هەروەها تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردران، كە ڕۆژانە لەدوای داخستنی شوێنە ڕێگەپێدراوەكانی بازاڕەوە، تەواوی بازاڕەكان و شوێنە گشتیەكان دەرمانپژێن بكەن و پاكژبكەنەوەو پێویستە لەسەر هاووڵاتیان و كاسبكارانیش پاكوخاوێنی تەواوی شوێنەكانی خۆیان ڕاگرن.


PM:03:37:18/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت