ناوی ئەو وەزارەتانە ئاشكرا دەكرێت كە لەكابینەی كازمی بەكورد دەدرێن

‌مستەفا كازمی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بڕیار وایە لەكابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا سێ وەزارەت بەكورد بدرێن لەوەش دوویان بۆ پارتی و یەكێكیش بۆ یەكێتی دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست وێستگە نیوز كەوتوون، لەكابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە ئێستا لەسەروبەندی پێكهێنانە، بڕیارە وەزارەتەكانی (دارایی و ئابوری، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، داد) بەكورد بدرێنەوە، لەوەش (دارایی و ئابوری، ئاوەدانكردنەوە) بۆ پارتی و (داد)یش بۆ یەكێتی دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تائێستا بۆ دارایی و ئابوری هەر فوئاد حسێن كاندیدە كە ئێستاش وەزیری داراییە، بەڵام بۆ ئاوەدانكردنەوە كە ئێستا بەنگین رێكانی لەو پۆستەیە، نازانرێت كاندید دەبێتەوە یان نا، بۆ (داد)یش كە دادوەر فاروق شوانی لەو پۆستەیە، یەكێتی بەنیازە گۆڕانكاری تێدا بكات.

جێی ئاماژەیە لەم كابینەیەی ئێستای حكومەتی عێراقیشدا كە هێشتا عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر سەرۆكایەتی دەكات، ئەو سێ وەزارەتە بەدەست كوردەیە.

دوو هەفتە لەمەوبەر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپارد كە ماوەی مانگێكی لەبەردەستە بۆ دروستكردنی حكومەتەكەی.
 


AM:10:05:18/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 38504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت