پارتی راگەیەندراوێكی دیكەی لەسەر زینی وەرتێ بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز-
پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە و لەسەر بەیاننامەیەكی كەجەكە، راگەیەندراوێكی لەسەر رووداوەكانی زینی وەرتێ بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەو هێزانەی كە لە زینی وەرتێ جێگیركراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.

پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، كەجەكە لە بەیاننامەیەكدا لەسەر بابەتی زینی وەرتێ، كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەمای ئاڕاستەی پارتی كردووە، ئەوان وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەت دەكەنەوە، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە ئەو هێزانەی لە زینی وەرتێ جێگیركراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە لەوێ جێگیر كراون كە حكومەتی هەرێم بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو و وەزیری پێشمەرگە جوڵەی بەم هێزانە كردووە، ئەم هێزانە هێزی پارتی نین، بەڵكو هێزی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمن كە ئەركی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "پارتی هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیری خەباتی هەموو حزب و ڕێكخراوەكانی تری كوردی كردووە و پشتیوانی داواكارییە سیاسی و مەدەنییەكانی گەلی كورد بووە، جێگەی سەرسووڕمانێكی زۆرە كە پەكەكە ئەو مافە بە خۆی بدات لە هەر شوێنێك كە پێی خۆش بێت هێز بنێرێت و دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەربدات، بەڵام بەلایەوە ئاسایی نەبێت كە حكومەتی هەرێم مومارەسەی دەسەڵاتەكانی خۆی لەسەر خاكی خۆی بكات".

پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە "بەداخەوە ئەو ڕەفتارەی پەكەكە ئێستا و لە ساڵانی ڕابردوو لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە، ڕەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و هیچ ڕێزێكی لە دامودەزگاكان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی نەگرتووە، بەهۆی ڕەفتارەكانی پەكەكە سەدان گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراونەوە و ڕێگە لە ژیانی هەزاران هاوڵاتیی گیراوە و بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆر گەورەی مرۆیی و ماددیان داوە".

هەروەها دەڵێن "ئەوەی تا ئێستاش لە پەكەكە قبوڵ كراوە بە هۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی كوردستان بووە كە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەكانی پەكەكە كردووە. حەقیشە سەرانی پەكەكە تەقدیرییان بۆ ئەم هەڵوێستەی خەڵكی كوردستان هەبا و ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان كردبا و لانیكەم ڕێزی دامودەزگای هەرێم و هاوڵاتیانیان گرتبا كە ساڵانێكی دورودرێژە تەحەمولی بوونی پەكەكەیان لەسەر خاكی هەرێم كردووە".

پارتی لەكۆتاییدا دەڵێت "كێشەی پەكەكە لەگەڵ توركیایە و باشتریشە لەبری شەڕفرۆشی و دروستكردنی سەرئێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بچن كێشەكانیان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن، گۆڕەپانی كاری ئەوان توركیایە، نەك هەرێمی كوردستان".




PM:09:31:17/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 9196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت