وێستگه نیوز له‌سه‌ر كاتی ته‌واوبوونی قه‌ده‌غه‌ی هاتوو چۆ له‌هه‌ولێر و سلێمانی زانیاری نوێ بڵاوده‌كاته‌وه
فۆتۆ: ئه‌رشیڤ
وێستگه نیوز-
سه‌رباری كه‌مبوونه‌وه‌ی تووشبووان له‌شاری دهۆك و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام دۆخێكی نوێ له‌پڕ له شاری هه‌ولێر روویداو به‌هۆی به‌شداریان له‌دوو پرسه‌دا ئاماری تووشبووان به‌رزبووه‌وه. وێستگه نیوز ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه.
شاری سلێمانی دوو دڵه
له‌ناو سلێمانی له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێری ڕابردوو تووشبوو به‌كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام به‌هۆی تووشبوونی دوو كه‌سی تره‌وه له‌ناحیه‌ی ته‌كیه‌ی شاری سلێمانی و هه‌روه‌ها تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌كاتی وه‌رگرتنی مووچه‌دا، دوباره دوودڵی له‌نێو پزیشكه به‌ئه‌زموونه‌كانی شاری سلێمانی دروستبوو، به‌پێی زانیارییه‌كانی سایتی وێستگه نیوز ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له‌كاتی ته‌واوبوونی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆدا كه ده‌كاته 10ی مانگ جارێكی تر قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوو چۆ درێژ بكرێته‌وه تاوه‌كو كاتژمێر 12ی شه‌وی 15ی نیسانی 2020.
ئه‌م زانیارییانه‌ی سایتی وێستگه نیوز، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی د. سه‌باح نه‌سره‌دین ناڕاسته‌وخۆ پشتراستی ده‌كاته‌وه كاتێك ئه‌مڕۆ رایگەیاند: پێشبینی دەكەم پێشبینی دەكەم دوای 15ی ئەم مانگە بچینە قۆناغێكی دڵخۆشكەرەوە.
ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكاتێكدایە كە شەوی رابردوو 7 توشبووی تری كۆرۆنا چاكبوونەوەو تائێستاش لەسلێمانی 85 توشبوو چاكبونەتەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت لەنزیكترین كاتدا ژمارەیەك توشبووی تریش نەخۆشخانە جێبهێڵن.
بڕیار وایە پێش كۆتایی هاتنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەی خۆی بكات بۆ پێشنیاری درێژكردنەوە یان درێژنەكردنەوە.
د.سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، پێش كۆتایی هاتنی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی كۆبوونەوەی هەیە و لەوێ پێشنیار بۆ درێژكردنەوە یان درێژنەكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ دەدرێت.
سەبارەت بەوەی ئەوان وەك تەندروستی سلێمانی چ پێشنیارێكیان هەیە بۆ قەدەغەی هاتووچۆ، ناوبراو روونیكردەوە "ئێمە لەوێ پێشنیارەكان دەخەینەڕوو، پێشنیارەكانیش پشت دەبەستن بەداتاكان، پاش وتوێژ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی پێشنیار پێشكەش دەكەین".
شاری هه‌ولێر كه‌رنتینه‌یه‌كی ته‌واوه
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه، ئاشكرای كرد كه درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ تاوه‌كو ئێستا ئاشكرا نییه، به‌ڵام دۆخه‌كه ئاشكرایه كه پێویست ده‌كات شاری هه‌ولێر قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوووچۆ درێژبكاته‌وه.
سه‌رچاوه به‌رپرسه‌كه تایبه‌ت به‌وێستگه نیوزی ڕاگه‌یاند كه له‌ئێستادا 11 گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر له‌ژێر كه‌رنتینه‌دان هاوكاتیش ژماره‌ی تووشبووان زیادی كردووه، هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه دۆخی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ ماویه‌كی تر درێژ بكرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه وتیشی"ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه دۆخی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ 5 رۆژی تر له‌دوای 10ی نیسانه‌وه درێژ بكرێته‌وه".
له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا وێستگه نیوز، له‌ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه دۆخی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ درێژ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕه‌تی كرده‌وه، به‌ڵام دوای دوو رۆژ له بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه دۆخه‌كه درێژبووه‌وه.
هه‌ر ئه‌مرۆش وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەش تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمارکراون و بەوەش تەنها ئەمڕۆ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر گەیشتووەتە 20 کە ئەو شەش تووشبووە ئەندامی خێزانێکن کە بریتین لە دایک، باوک، دوو کوڕ و دوو کچ.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەی خستەڕوو، ئەو تووشبووانە دانیشتووی گەڕەکی مامۆستایانی هەولێرن و بەرکەوتەی تووشبووەکانی پرسەکەی گەڕەکی کارێزانن.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 309 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 119 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و سێ تووشبوویشیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
وێستگه نیوز زانیاری نوێ‌ی لایه
وێستگه نیوز، زانیویه‌تی كه به‌رپرسانی ته‌ندروستی شاری هه‌ولێرو سلێمانی پێیانباشه، كه ئه‌م دۆخه به‌كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری نوێوه درێژه بكێشێت تاوه‌كو رۆژی 15ی نیسان.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان به‌وێستگه نیوزی ڕاگه‌یاند كه ئه‌وان له‌سه‌ر داتا و زانیاری قسه ده‌كه‌ن، له‌ئێستادا دۆخی شاری هه‌ولێر باشتر نییه له‌رۆژانی پێشووتر، هه‌روه‌ها شاری سلێمانیش وای پێباشتره كه دۆخی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ تاوه‌كو 15ی مانگ بخایه‌نێت"من دڵنیام له‌دوای 10ی مانگ یاخود سبه‌ی شاری سلێمانی و هه‌ولێر ئه‌و داواكارییه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی تریش له ته‌ندروستی سلیمانی به ویستگه نیوزی راگه‌یاند، ئه‌وان داوای دریزكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتووجۆ ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌رینماییی نوێ و ئه‌ویش هه‌ندێك كارئاسانی دیكه بۆ هاوڵاتیان بكرێت، واته بیشبینی ده‌كریَت له 11ی نیسانه‌وه گۆرانكاری نوێ له‌قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ بكرێت
PM:05:51:08/04/2020
ئه‌م بابه‌ته 28212
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت