سەیرترین رێوشوێنه‌كان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌جیهاندا

‌ژنێك له‌سربیا له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كه‌یدا پیاسه‌ ده‌كات



وێستگه‌ نیوز-

وڵاتان لە سەرتاپای جیهاندا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید 19، کۆمەلێک رێوشوێنیان گرتووەتەبەر. بەپێی تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) بەریتانی، لە هەندێک وڵاتدا، رێوشوێنەکان زۆر سەیرو سەمەرەن و لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین.

پەنەما
پەنەما کە تێیدا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتووەتە 1075 کەس، بۆ رێگریکرن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لەسەر بنەمای رەگەز، قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە. لەم رۆوە (چوار شەممە) هەندێک رۆژ، پیاوەکان دێنە دەرەوەو هەندێک رۆژی دیکە ژنەکان. بڕیارەکە رێگە بە ژنان دەدت رۆژانی دوو شەممە و چوار شەممە و هەینی لە ماڵەکانیان بێنەدەرەوە. رۆژانی سێ شەممە و پێنج شەممە و شەمە هاتنەدەرەوە بۆ پیاوەکانە. رۆژانی یەک شەمە هەم پیاوەکان و هەم ژنەکان لەماڵەکانیان دەمێننەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتەکە پابەندی قەدەغەکردنی گشتی نەبوون کە لە 25 مانگ راگەیەنرابوو.

کۆڵمبیا
لە هەندێک شاری کۆڵۆمبیا، بە پێی ژمارەی کۆتایی پێناسی باری شارستانی (نفوس) رێگە بە دانیشتوانەکەی دەدەن بێتە دەرەوە. بۆ نمونە شاری بارانکابیر میخا رۆژانی دوو شەممان، رێگە بەو کەسانە دەدات کە نفوسەکەیان بە ژمارەی سفر یان حەوت یان چوار کۆتایی دێت بێنەدەرەوە. بەڵام ئەو کەسانەی نفوسەکانیان بە ژمارەکانی یەک یان هەشت یا پێنج کۆتایی دێت، دەتوانن رۆژانی سێ شەممە بێنەدەرەوە. بۆلیڤیاش پێشنیاری کردووە هەمان شت پیادە بکات.

سربیا
لە سەرەتای قەدەغەی هاتوچۆ لە سربیا، رێگە دەدرا ئەوانەی سەگ-یان هەیە، رۆژانە یەک سەعات سەگەکانیان بێننە دەرەوە، لە سەعات 20:00 بۆ 21:00. بەڵام دواتر ئەو رێگە پێدانەش رەتکرایەوە. ئەم رەتکردنەوەیە خاوەن سەگەکانی تووڕە کرد، چونکە پێیانوایە پیسایی سەگەکان دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ماڵەکانیان، ئەمەش کێشەی تەندروستی وڵات خراپتر دەکات.

بیلاروسیا
سەرۆکی بیلاروسا ئەلسکەندەر لۆکاشینکۆ دەڵێت پێویست ناکات هیچ رێوشوێنێکی خۆپارێزی دژ بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرینەبەر. لە بیلاروسیا هۆڵەکانی سینەما و شانۆ دانەخراون و چالاکییە وەرزشییەکان بەردەوامن و تا ئێستاش یارییەکانی تۆپ تۆپێنی خولی نایابی وڵاتەکە ئەنجامدەدرێن. سەرۆک لۆکاشینکۆ دەڵێت: "ڤایرۆسەکان لێرە نین. نایانبینین لە دەوروبەرمان بفڕن". هەروەها بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە پێشنیاری کردووە ڤۆدگا بخۆنەوەو بڕۆن بۆ ساونا. ئەمەش مەسەلەیەکە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ رێنماییە تەندروستییەکاندا ناگونجێت.

سەرچاوە: الشرق الاوسط چوار شەممە 1 -4- 2020


PM:03:24:01/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو