توندوتیژی ژنان و یەكێتی پیاوان قسەی جیاواز لەسەر توندوتیژییەكان بەهۆی كۆرۆناوە دەكەن


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەرپرسانی پۆلیس و توندوتیژی ژنان رایدەگەیەنن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە، ئاستی تاوان و توندوتیژییەكان كەمیان كردووە، بەڵام یەكێتی پیاوان دەڵێت، هەتا كەرەنتین بەردەوام بێت بەریەككەوتنی خێزانی بەردەوام دەبێت.

لەهەرێمی كوردستان 18 رۆژە قەدەغەی هاتووچۆ راگیراوە ئەوەش بەمەبەستی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا و ماوەكەش تا رۆژی 10ی نیسان درێژكرایەوە.

عەمید سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ كێشە خێزانییەكان كەمبوونەتەوە و هۆكارەكەشی ئەوەیە، زۆرجار پیاو كە دەكرێتە سەنتەر بەوەی هۆكاری كێشەكانە رەنگە پێشتر دۆخی كۆمەڵگە كاریگەری بۆ دروستبوونی كێشەی خێزانی هەبووبێت.

ناوبرو روونیكردەوە "كۆرۆنا خۆی هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی بەشێكی زۆر لەكێشەكان، بۆیە خێزانەكانیش رەنگە بەهۆی خۆپاراستن لەڤایرۆسی كۆرۆنا كێشەكانی دیكەیان بەلاوە نابێت، تەنانەت ئێمە پێش قەدەغەی هاتووچۆ لەنووسینگەكان ئێشكگرمان زیاتر كرد بۆ وەرگرتنی سكاڵاكان، چونكە پێشبینی زیادبوونی كێشەمان دەكرد، بەڵام خۆشبەختانە كێشەكان كەمترن".

هاوكات نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی بۆ وێستگە نیوزی روونكردەوە، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە ئاستی تاوانەكان زۆر باشە و هۆكارەكەشی ئەوەیە كەس نایەتە دەرەوە و خەڵك لەماڵەكانیان كەرەنتینەن، جوڵەی ئوتومبیل نییە و هاتووچۆی ناوشار و دەرەوەی شارەكان راگیراوە و كوشتن و تەقەكردنیش كەمبۆتەوە.

بەڵام بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان قسەیەكی دیكەی هەیە و بەوێستگە نیوزی راگەیاند، هەتا كەرەنتینەكردن زیاتر بێت پێشبینی دەكەن بەریەككەوتنە خێزانییەكان بەردەوام بن بەتایبەتیش توندوتیژی زارەكی، هەروەها لەئێستا بەدواوە رەنگە كێشەی داراییش زیاتر بێت بەهۆی ئەوەی هەندێك لەخێزانەكان كرێنشین یان دوكانیان هەیە و رووبەڕووی كرێ دەبنەوە ئەوەش زیاتر پیاوان دەگرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا لەلایەن بەشێك پیاوانەوە بۆ گەیاندنی كێشەكان پەیوەندییان پێوە دەكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان سكاڵا تۆمار نەكراون.


PM:12:33:01/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت