شرۆڤه‌كارێك: زورفی له‌ قایلكردنی كورد و سوننه‌ شكستی هێناوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

شرۆڤه‌كارێكی سیاسیی عیراق پێی وایه‌ كه‌ راسپێردراوی دووه‌می عیراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، شكستی هێناوه‌ له‌وه‌ی پشتیوانیی كورد و سوننه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

محه‌مه‌د ته‌میمی، شرۆڤه‌كاری سیاسیی عیراق راگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو به‌درێژایی چند رۆژی رابردوو هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كورد و سوننه‌ی داوه‌ و سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌گه‌ڵیاندا كردوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعه‌كان زورفی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، كورد و سوننه‌ش به‌ڵێنی پشتیوانییان پێ نه‌داوه‌.

وتیشی: كورد و سوننه‌ ترسیان له‌ پشتیوانیكردنی زورفی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر شیعه‌كان پشتیوانیی لێ نه‌كه‌ن و نایانه‌وێت له‌به‌ر چه‌ند پۆستێكی حكومی، هێزه‌ شیعه‌كان له‌ده‌ست بده‌ن، چونكه‌ شیعه‌كان زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنن.

له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆك كۆماری عیراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاویی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، عه‌لاوی نه‌یتوانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق قایل بكات و متمانه‌ی پێ بده‌ن، بۆیه‌ ئه‌ویش له‌ راسپاردنه‌كه‌ی كشایه‌وه‌.

دوای عه‌لاوی، سه‌رۆك كۆمار عه‌دنان زورفی، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌ ئیتلافی حه‌یده‌ر عه‌بادی راسپارد حكومه‌ت پێكبهێنێت، به‌ڵام هێزه‌ شیعه‌كان پشیتوانیی لێ ناكه‌ن.


AM:09:29:01/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت