رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌باره‌ت ده‌ستكاریكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ وەزیری دارایی پێشنیازی دەستکاریکردنی موچەی نەکردوە، یاساش دەسەڵاتی دەستکاریکردنی موچەی بە وەزارەت نەداوە.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی هه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ به‌پێویستیان زانیوه‌ رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر "دوو هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو" بده‌ن، یه‌كه‌میان سه‌باره‌ت به‌ ناردنی دوو موچه‌ له‌ماوه‌ی 23 رۆژ له‌لایه‌ن به‌غدا و ئه‌وی دیكه‌ش پێشنیازی خاوه‌نی ئاسیا حه‌واڵه‌ بۆ دابه‌شكردنی موچه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی سه‌باره‌ت به‌ خاڵی یه‌كه‌م ده‌ڵێت:"بەرێزێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی 23 رۆژدا بەغدا دوو موچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناکات، کە بەشێکی زۆری وەزارەت و دامەزراوەکان موچەی مانگی 11 ی 2019 یان لە رۆژانی نێوان 2 بۆ 7-3-2020 وەرگرتوه‌ و خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی 12ی 2019 لە رۆژی 9-3-2020دەستی پێکرد، دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بکردایە کە تەمویلی بەغدا هی مانگی رابردوو دواکەوت بۆ بەرواری 2-3-2020 و تەمویلی مانگی 3 دواکەوت بۆ 26-3-2020 کە هەردوو نوسراوی تەمویلی مانگی 2 و مانگی 3ی 2020کە ئێمە موچەی مانگی 11و 12 ی 2019 پێ دابەشدەکەین هاوپێچ دەکەین لەگەڵ ئەم روونکردنەوەیە بۆ ئەوەی راستیەکان وەک خۆیان بگەن بە هاوڵاتیان"

بۆ رونكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دووه‌م، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم رایگه‌یاندوه‌ كه‌ لەماوەی رابردوودا لە لایەن خاوەنی ئاسیا حەواڵەوە پێشنیارێک دراوە بە پارێزگاری سلێمانی، ئەویش بەرزی کردوه‌تەوە بۆ وەزارەتی دارایی وئابوری و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی موچە لە رێگای ئەوانەوە دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوەو رەتکراوەتەوە، پارێزگاری سلێمانی و خاوەنی ئاسیا حەواڵەش لەو بریارە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەم بابەتەش لە لایەن ئه‌و كه‌سه‌وه‌ بە شێوەیەکی نەشیاو بڵاوکراوەتەوە بە بێ ئەوەی پرسیار لە لایەنی تایبەتمەند بکات کە وەزارەتی دارایی و ئابورییە بۆ راستی و دروستی بابەتەکە.  

لە کۆتایی رونكردنه‌وه‌كه‌شدا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی هه‌رێم دڵنیایی داوه‌ و ده‌ڵێت "دڵنیایی دەدەیین بە موچە خۆرانمان کە هەموو توانایەکمان بەکاردەهێنین بۆ دابینکردنی مووچە، وە ئەوەش دوپات دەکەینەوە کە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیاری دەستکاریکردنی موچەی نەکردووە، یاساش دەسەڵاتی دەستکاریکردنی مووچەی نەداوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری."


PM:04:21:27/03/2020






ئه‌م بابه‌ته 9120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت