ژووری ئۆپراسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد


وێستگه‌ نیوز ـ
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئەمشە و کۆبووە و چەند بڕیارێکی‌ نوێی‌ دەرکرد لەوانە کردنەوەی‌ بانکە ئەهلییەکانە.


ئەمشەو  چوارشه‌ممه‌ 25ی ئازاری 2020، بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و بڕیاریدا:

1- بانکە ئەهلیەکانی هەولێر، لە ڕۆژانی (یەکشەممە و چوارشەممە) کراوە دەبن لەکاتژمێر هه‌شتی بەیانی تا یه‌كی دوای نیوەڕۆ، بەمەرجی ئەوەی هەر بانکێک لە پێنج کارمەند زیاتری لێ نەبێت بۆ راییکردنی کارەکانیان، بۆشیان هەیە تەنها یه‌ك ئۆتۆمبێل بەپێی باجێکی تایبەتی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، بۆ هاتووچۆکردنیان بەکاربهێنن.

2- نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو، ئەوانەی لەدەرەوەی شەقامی 60 مەترین بەهەمانشێوەی بانکە ئەهلییەکان، رۆژانی (یەکشەممە و چوار شەممە) لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا سێی دوای نیوەڕۆ کراوە دەبن، هەروەها نووسینگەکانی تری ناو بازاڕی دۆلار فرۆشانی شێخەڵا، دەتوانن لەگەڵ نووسینگەکانی دەرەوەی شەقامی (60) مەتری کە مۆڵەتیان هەیە، یان لە شوێنێکی تری دەرەوەی بازنەی هەمان شەقام، بەشێوەیەکی کاتی شوێنێک بۆخۆیان دابین بکەن و نووسینگەکانیان بکەنەوە.

-لەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و ئاسایش و بازگەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێویستە ئەم بڕیارەی سەرەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر جێ بەجێ بکەن.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان و هاوشاریانی سنووری پارێزگاکەیان، بەهەموو تواناییەوە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستن و پارێزگاری لێکردنیان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پابەندبوونی هاوڵاتییان بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکەینەوە و داواکارن خۆیان بپارێزن و لەماڵەکانیان بمێننەوە.

ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا 100 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، له‌وانه‌ش دوو كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 27 كه‌سیش به‌ ته‌واوی چاكبوونه‌وه‌.

هــ. ر


PM:11:47:25/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 63928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو