ئورمییه‌.. بەندکراوێک به‌ گومانی تووشبوون به‌ كۆرۆنا گیانی لە دەستدا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەندکراوێکی راگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە گومانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنای لەسەر بوو، گیانی لە دەست دا.


بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی 25ی ئازاری 2020، بەندکراوێکی بەندی 14ی بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی حوسێن جەوادی، تەمەن 50 ساڵ و خەڵکی ئورمیە کە ماوەی 18 ساڵە لەو بەندیخانەیە راگیرابوو، بە هۆی پێڕانەگیشتنی پزیشکی و گومانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو بەندکراوە لەلایەن کادری پزیشکییەوە ئیزۆلە و بۆ دەروەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و هیچ کام لە فەرمانبەرانی بەندیخانە حازر نەبوون نزیکی بکەونەوە.

یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە وێرای پشڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە رایگەیاندووه‌، کە بە وتەی هاوبەندییەکانی، ناوبراو نیشانەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای هەبووە. بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانە وتوویانە کە بە هۆی راوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.

لە بەندی 14ی بەندیخانەی ئورمیە زیاتر لە 400 بەندکراو راگیراون و هەنگاو دوو هەفتە پێش رایگەیاندبوو کە بەندکراوێکی ئەو بەندە بە ناوی ئارەش مورادی پوور، بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا بۆ ناوەندە پزیشكیه‌کانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

بەپێی ئاماره‌ نا فه‌رمییه‌كان، لانیکەم 15 بەندکراو و فەرمانبەرێکی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

هــ. ر


PM:09:36:25/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت