په‌رله‌مانتارێك چه‌ند سیناریۆیه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ

په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاشكرای ده‌كات، كه‌ سێ سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق له‌ ئارادان، به‌ڵام دوانیان زۆر ئه‌ستمه‌ و كاتی زۆری ده‌وێت تا یه‌كێكیان سه‌ر بگرێت.


جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: له‌ ئێستادا شیعه‌كان له‌ناو خۆیاندا كۆك نین له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ لایه‌ن عه‌دنان زه‌رفی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ میلیشیاكان خۆیان كاندیدێك راسپێرێن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت له‌سه‌ر كاندیدێكی تر رێكبكه‌ون.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێكی تر له‌ سیناریۆكان مانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی و وه‌ك حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری به‌رده‌وامی به‌كاره‌كانی بدات و ئاماده‌كاری بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌.

وه‌ك جه‌مال كۆچه‌ر ئاماژه‌ی پێدا، سیناریۆیه‌كی تر هه‌یه‌ كه‌ زۆر لاوازه‌ ئه‌ویش راسپاردنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌ بۆ جارێكی تری پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌، بۆیه‌ ئاینده‌ی حكومه‌تی داهاتووی عیراق به‌ ناڕوونی ماوه‌ته‌وه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، وتی: "ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت بۆ خوار 20 دۆلار دانه‌به‌زێت، كێشه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دروست نابێت به‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی داهاتووی عیراق پێكده‌هێندرێت، ئه‌وكاتیش ده‌بێت به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت".

له‌ باره‌ی پرسی كۆرۆناوه‌ وتی: "شیعه‌كان زۆر گرنگی به‌ كۆرۆنا ناده‌ن و به‌رده‌وامن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان، هێشتا زیاره‌تكارانی شیعه‌ سه‌ردانی شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی وه‌ك نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ زیاتر ده‌كات".

هــ. ر


PM:07:35:25/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 2864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت