پەرلەمانتارێک: نەوەی نوێ حکومەتی سێبەرە
وێستگە نیوز-
پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، دامەزراندنی کەناڵێک بۆ خوێندکاران و قوتابییان، کاری حکومەت بوو، بۆیە ئەمەی نەوەی نوێ دەیکات حکومەتی سێبەرە.
دکتۆر کازم فاروق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، " لە هەندێک لە وڵاتانی پێشکەوتدا، لە پاڵ حکومەتی وڵاتەکە حکومەتی سێبەریش بونی هەیە، کە کاری ئەم حکومەتە سێبەرە دەرخستنی هەڵە و کەموکورتییەکانی حکومەتە راستەقینەکەیە، هەرووەها پێشنیازکردنی چارەسەر و بیرۆکە و پلانی نوێ بۆ حکومەت، هەمو ئەمانەش بە بونی ئۆپۆزسیۆن دەکرێت.
دەشڵێت، "ئێستا نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی جدی دەبینن کە توانیویەتی نەک فشار بخاتە سەر حکومەت، بەڵکو حکومەت ئیحراج بکات و زۆر جاریش لەبری حکومەت بیر دەکاتەوە و پلانی باشتر دەخاتە روو بۆ چارەسەری کێشەکان، ڕوونتر بڵێین وا لە حکومەت دەکات بە ناچاری ھەندێک خزمەتی خەڵک بکات.
ئەو پەرلەمانتارە نمونەی پرۆژەیەکی دیکەی نەوەی نوێی هێناوەتەوەو نوسیویەتی، " نمونەی زیندوش پردەکەی سماقوڵی و تونێلەکەی دەربەندیخان و شۆستەکەی بەردەم باخی گشتی و نۆژەنکردنەوەی چەندین باخ و یاریگا و دابەشکردنی نەوت و کۆتا جاریش کردنەوەی نەخۆشخانە و کەناڵی پەروەدەییە لە سەردەمی کۆرۆنادا. لەناو پەرلەمانیشدا بە رەتکردنەوەی خانەنشینی و ملنەدان بۆ ناعەدالەتی ئەوەندەیتر دەسەڵاتمان ناچار کرد کە لایەنی کەم ئەو پلانەی هەیانبوو بۆ یاسای بەناو چاکسازی و بێباکی بەرامبەر خەڵک، نەیانمێنێت و بەئاگاترەوە مامەڵە بکەن.
لە کۆتاییشدا دەڵێت، " بۆیە حەق وایە هەموان زیاتر پشتیوانی نەوەی نوێ و بەرنامەکەی بن، زیاتر پشتیوانی ئەم حکومەتە سێبەرە بن کە ئێستا نەوەی نوێ وێنای کردوە، چونکە لە کۆتاییدا بونی کێبڕکێیەکی لەو جۆرە و ئۆپۆزسیۆنێکی ئازا و خاوەن پلان و حکومەتێکی سێبەر کە هەڵەکانی حکومەت راست دەکاتەوە، هەموو ئەمانە بە خزمەتی هاوڵاتییان کۆتایی دێت.
PM:02:46:25/03/2020
ئهم بابهته 2480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت