هەڵگری بێ نیشانەو هەفتە‌ چارەنووسسازەكە





زۆر جاران پێشبینییەكان ئەگەر  100% یش راست نەبن و دەرنەچن، بەڵام لەوانەیە زۆر لێیەوە نزیكبن. هەروەك ئەو تێستانەی كە بۆ نەخۆش دەكرێن، كە هەرگیز 100% دەرناچن، لەبەرئەوەی هیچ شتێك لە دونیای پزیشكیدا 100% نییە. دەبێ ئەو راستییە بزانین كە ژیان دابەشبووە بەسەر خۆشی و ناخۆشیدا و ئەگەر هەردووكیان كۆبكەینەوە دەبێتە سفر، بەڵام بەشی زۆری بەختی كورد ناخۆشی و نەهامەتی بووە.
 
هەموو دەزانین مێژووی كورد و كوردستان پڕە لە نەهامەتی جۆراو جۆر ، بەڵام ئەمجارە زۆر لەوانی پشووتر جیاوازە!‌ لەبەرئەوەی دووژمنی شەڕی ئەم بەهارەی كوردستان تەنیا‌ تاكی كوردی كردووەتە ئامانج (خاك داگیركەر نییە)،‌ بەڵام ئابووری و تەندروستی وێرانكەرە‌، چونكە بێڕەنگ و بێبۆن و نەبینراو نەناسراوە و نزیكەی 3 كاژێر لەهەوادا دەژیت، بە ئاسن و شووشە و كارتۆن و كاخەز و پلاستیكیشەوە چەند رۆژێك دەمێنێتەوە. دووژمنی ئەمجارە سەرتاسەری كوردستانی گرتووەتەوەو شیرازەی كۆمەڵایەتی پچڕاندووە و هەموو لایەكی خستووەتە نێو بارودۆخێكی نائارامی ئابووری ، كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە ‌و لایەكی ژیانی تووشی نیمچە شەپڵەداری (شەلەل) كردووە. هەرچەندە‌ لای هەمووان رۆح شیرینە، بەڵام هەندێك‌ كەس كە بایەخ بە ژیان و رۆحی خۆیان نادەن و بگرە یاری بە ژیانی خەڵك و نزیكەكانیانەوە دەكەن (ئەگەر بزانن نەخۆشن) ئەوەش بەڵگەیە بۆ خۆپەرستی و بێویژدانییەكی‌ بێسنوور ‌‌و هیچ پاساوێكی یاسایی و زانستی نییە و هاوكات شایەنی لێبووردنیش نییە .
 
یەكێك لە گیروگرفتە سەرەكییە هەست پێنەكراوە نەبینراوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ستافی ‌تەندروستی و دانیشتوان، بریتییە لە: ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بێنیشانەن (هەڵگری بێنیشانە) لەبەرئەوە ئەم نەخۆشانە‌ بەبێ گیروگرفت و بە ئاسانی و بە بێدەنگی بە تەنیا بەركەوتنێك كەسێكی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە دەكەن. بەپێی توێژینەوەی پسپۆڕە ئینگلیزەكان كە لەسەر ژمارەیەك نەخۆشی چین و كۆریای باشوور و ئیتالیا كراوە،‌ ئاماژەی پێدەكەن كە ئەو كەسانەی هەڵگری بێنیشانەی ڤایرۆسەكە بوون بریتییە ‌لە : لەناكاو لەدەستدانی بۆنكردن‌.لە ئێران، ئەمریكا، فەرەنساو باكووری ئیتاڵیا ئەم نیشانەیەیان لەنێو نەخۆشەكاندا تۆمار كردووە.
 
پسپۆڕە ئینگلیزەكان دەبێژن كە: ئەم هەڵگرە بێنیشانانە (نەخۆشانە)‌، یارمەتیدەر و رێگەخۆشكەری بڵاوبوونەوەی خێراو هەست پێنەكراوی ڤایرۆسەكەن، هاوكات توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە: هەركەسێك لەناكاو بۆنكردن لەدەستبدات، لەوانەیە هەڵگری شاراوەی بێنیشانەی ڤایرۆسەكە بێت ! بەداخەوە ئەمڕۆ هێدی هێدی ئەم جۆرە نەخۆشە‌ یان تووشبووە بێ نیشانانە لە كوردستان (سەنگەسەر و دەربەندیخان) دەردەكەون.
 
هیوادارم هاووڵاتیان هۆشیارانە‌تر و زێدەتر وریا بن، ئاگاداری تەندروستی خۆیان و خێزانەكانیان بن و لەو‌ بارودۆخە تێبگەن كە دەركەو‌تن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێناویەتییە گۆڕێ، پێویستە بە وردی تێبینی لەناكاو نەمان یان كەمبوونەوەی بۆنكردن لە كونە لووتەكانەوە بكەین. بۆ ئەوەی پێشوەخت لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكرێتەوەو تێستی ڤایرۆسەكەی بۆ بكرێت پێش ئەوەی كەسانی دیكە تووش بكات.
 د . زاهیر سۆران*
*پسپۆڕی نەخۆشییە درمی و گشتییەكان، سلێمانی.
 
تێبینی :سوود لە ماڵپەڕی independent.co.uk، 20.03.21 وەرگیراوە.


PM:12:36:24/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو