وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیەنراوێكی لەبارەی چارەنووسی خوێندنی زانكۆكان بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز ـ
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی ده‌وامی زانكۆكان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، لە كۆبونەكەدا ئەنجومەنی وەزارەته‌كه‌ی بە كۆی دەنگ بریاریاندا كە هەمو توانا مرۆیی و لۆجیستییەكانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەكار دەهێنرێت بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌ تیایدا هاتووه‌: "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمە 22ی ئازاری 2020، بەسەرپەرشتی ئارام محه‌مه‌د قادر، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبونەوەی ژمارە (٣)ی ئەنجومەنی وەزارەت بەڕێوەچو، كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان، كۆبونەوەكە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا كە بریكاری وەزارەت و سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و ئەندامانی دیكەی ئەنجومەن تێیدا بەشداربون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای كۆڕۆنای نوێ (COVID-19) كردو تیشكی خستە سەر دواین گۆڕانكاریەكان بۆ بەڕەنگاربونەوەی ڤایرۆسەكە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكان كە كۆی هەوڵەكان بە پرۆسەیەكی سەركەوتو و ئیجابی هەڵسەنگه‌ندرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌: لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی زانستی ورد دەربارەی پلان و بژاردەكانی بەردەم زانكۆ و دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجام درا سەبارەت بە بەردەوام بونی پرۆسەی خوێندن لە حاڵەتی درێژكردنەوەی پشووەكان بەهۆی ڕێككارە خۆپارێزیەكانی تایبەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنای نوێ، هەروەها بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین و بەكارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانەی كە لە ئێستادا لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە كاری بۆ دەكرێت تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بون.

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌: لەم كۆبونەوەیەدا هەریەك لە بریكاری وەزارەت و سەرۆك زانكۆكان و ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی سەرنج و تیبینیەكانی خۆیان پێشكەش كرد و پلان و پیشنیاری پێویست بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن گەڵالە كرا. هەر لە كۆبونەكەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە كۆی دەنگ بریاریان دا كە هەمو توانا مرۆیی و لۆجیستییەكانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەكار دەهێنرێت بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ.

هەروەها لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆناو رەچاوكردنی دۆخی تەندروستی و پابەندبون بە رێنماییەكان لە داهاتوودا بڕیاری پێویست لەبارەی میكانیزمی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی دەداتە قوتابیان و خوێندكاران كە بژاردەی گونجاو لەبەر دەستن بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ، تا دەگاتە پەیرەوكردنی شێواز و سیستمی ئۆنلاین كە یەكێكە لەو بژاردانەو داوا لە زانكۆكان كرا لە رووی لۆجیستی و تەكنیكییەوە ئامادەكاری پێویستی بۆ بكەن.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت كۆك بون لەسەر ئەو پرەنسیپەی كە سەرەڕای گرفت و ئاڵنگارییەكان، زانكۆكانی كوردستان لە توانایاندایە پە پشتیوانی تەواوی خوێندكاران و قوتابیان بن بۆ ئەوەی هەمو پێكەوە كار بكەین بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمەكەمان.

هــ. ر


PM:09:37:22/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 13616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو