نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاو بۆ 25 دۆلار دابه‌زی


وێستگە نیوز-
بەهۆی بەردەوامی كاریگەرییەكانی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا نرخی نەوتی خاویش له‌ دابه‌زینی به‌رده‌وامدایه‌و به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت بۆ 25 دۆلار دابه‌زی.


ئه‌مڕۆ  پێنجشه‌ممه‌ 19ی ئازاری 2020، نرخی نه‌وتی خاو و برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان پێوه‌كرا:
 
نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا به‌ 22 دۆلار و 86 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.
 

هاوكات به‌رمیلێك نه‌وتی برێنتیش به‌ 25 دۆلار و 82 سه‌نت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەگەر کۆرۆنا بووبێتەهۆی توشبوونی زیاتر لە 200 هەزار کەس بە ڤایرۆسەکە ئەوا چەند هێندەی زیانە مرۆییەکان زیانی بە ئابووری جیهانیش گەیاندووە.

زیانە ئابورییەکانی کۆرۆنا زۆر بواری گرتووەتەوە لەوانە بواری گەشتیاری و بەرهەمهێنان و دەستی کار و لەناویشیاندا گورزی کوشندە بەر بازاڕی نەوت کەوتووە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی و سستکردنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە نرخی نەوتدا.

بەپێی هەواڵی میدیاکانیش، دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی‌ رێکنەکەوتنی‌ روسیا و سعودیەیە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە لە دوای ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری‌ نەوتن لە جیهاندا.

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت ناسراو بە ئۆپیک، لە شەشی ئەم مانگە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە لە ڤیەنا کۆبووەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر نرخی نەوت و کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە جیهاندا، بەڵام لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رێکنەکەوتن.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوەدەکەن سعودیە پێویستی بەوەیە نرخی نەوت لە نزیکی 82 دۆلاربێت بۆ هاوسەنگکردنی بودجەکەی، هەروەها روسیا پێویستی بە نیوەی ئەو نرخەیە بۆ ئەو مەبەستە.

هاوکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خواست لەسەر نەوت لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

لەم نێوەندەشدا ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زەبریان پێدەگات وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و ئەو وڵاتانەن کە ئابووریان پشت بە نەوت دەبەستێت، بە شێک لەو وڵاتانەش گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لەم ڕوانگەیەشەوە ئابوریناسان دەڵێن، دابەزینی ئاستی داهات جارێکی دیکە زیان بە توانای مادی ئەو وڵاتانە دەگەیەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا.

هــ. ر


AM:08:12:19/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 3020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت