مەریوان نەقشبەندی: داوا دەكەین موزایه‌داتی ئایینی نه‌كرێت بەو رێكارانەی گیراونەتە به‌ر


 

وێستگە نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند ئەو ئیجرائاتانەی كراون بۆ خۆپارێزییە و لە بەرژەوەندی خەڵەكە و پێویستە كەس موزایەداتی ئایینی نەكات و جیاكاری دروست نەكرێت.

مەریوان نەقشبەندی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای رایگەیاند "به‌هۆی ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵا له‌هه‌رێم هه‌یه‌، وه‌ لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ست وه‌رنادات له‌كاروبارییان، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ بێت كه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف چاوه‌ڕێ ی كردبێ كه‌ له‌ڕێ ی لیژنه‌ی فتوای كوردستانه‌وه‌له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ ڕوون بكرێته‌وه‌ كه‌ ئایا مزگه‌وته‌كان پێویست دابخرێن یان خوتبه‌و نوێژه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان بكرێ یان نا؟ بۆیه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌قاف تا ئێستا هه‌نگاوی نه‌ناوه‌، ئه‌وه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بوو كه‌ چاوه‌ڕێ كراوه‌ لیژنه‌ی فتوا ئه‌و بڕیاره‌ بدات."

ئاماژه‌ به‌ فتواكه‌ی لیژنه‌ی باڵای فتوای هه‌رێم ده‌دات و ده‌ڵێت"ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ كۆرۆنا بمرێ" شه‌هیده‌" ئه‌وه‌ به‌ڕاستی جێگه‌ی نیگه‌رانی بوو هه‌م وه‌كو خۆم هه‌م وه‌كو وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش كه‌ ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بووین. ئه‌مه‌ به‌ڕاستی جێگه‌ی قبوڵكردن نیه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌ خه‌ڵك ئه‌م فتوایه‌ به‌ ته‌فسیرێكی هه‌ڵه‌ تێ ی بگات، ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و هه‌ده‌فه‌ی كه‌ لیژنه‌ی فتوا ویستویانه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵكی- وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن- به‌ڵام ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكانێكیش هه‌بن به‌ ته‌فسیرێكی تر لێ ی تێ بگه‌ن. پله‌ی شه‌هاده‌ت ته‌نها خوا ئه‌یدات ناكرێ لیژنه‌ی فتوا، فتوا بدات و بڵێ فڵان كه‌س ئه‌چێت بۆ به‌هه‌شت و فڵان كه‌س ئه‌چێت بۆ دۆزه‌خ، بۆیه‌ له‌و بڕگه‌یه‌دا من وه‌كو خۆم تێبینیم ده‌ربڕیوه‌ دڵنیاش بووم كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دێته‌ وه‌ڵام، چونكه‌ بابه‌تێكی گشتگیره‌ ئه‌بێ هه‌موو به‌ لیژنه‌ی فه‌تواشه‌وه‌ هاوكاربن."

نه‌قشبه‌ندی باسی لەوەشكرد كە " ئێستا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پابه‌نده‌ به‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ كه‌متر له‌ بیست و چوار سه‌عات دوای ئه‌و فتوایه‌ی لیژنه‌ی باڵای فتوای كوردستان ده‌رچوو كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری داوه‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان چ كۆبوونه‌وه‌ی ئاینی بێ وه‌كو ناو مزگه‌وت و نوێژی به‌ كۆمه‌ڵ و وتاری هه‌ینی هه‌م شوێنه‌ وه‌رزشیه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ڵك كۆده‌بنه‌وه‌ تیایه‌، هه‌م گازینۆ و باڕه‌كان كه‌ خه‌ڵك تیایدا قه‌ڵه‌باڵغه‌، هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌نانه‌ت پرسه‌، پرسه‌ی ژنان و پیاوان ئه‌مانه‌ هه‌مووی قه‌ده‌غه‌ كراون له‌ ئێستادا بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایره‌سه‌."

سەبارەت بە بابه‌تی ڕاگرتنی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ  وتی "هه‌موو قه‌ڵه‌باڵغیه‌كان كه‌ ده‌كرێن له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كان له‌ سلێمانی تۆماركراوه‌ ، له‌وێ ئه‌وان پێش بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌ركرد به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌چه‌ند كاتژمێرێك بڕیاری ده‌ركردووه‌ و له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ جێ به‌جێ ده‌كرێت."

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف دەڵێت " په‌یامی ئێمه‌ش وه‌كو وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی ئه‌م بڕیارانه‌ی كه‌ ده‌رچووه‌ بڕیاری خۆپارێزیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رباز بێ كه‌ هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه‌ ، وه‌ دڵنیای خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و ئیجرائاتانه‌ ، ئیجرائاتی خۆپارێزین و داواكارین كه‌وا دابه‌شكاری له‌ناو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دروست نه‌كه‌ن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و میدیایه‌كان هه‌ریه‌كه‌ و به‌جۆرێك قسه‌ی له‌سه‌ر بكات و موزایه‌داتی ئایینی پێوه‌ بكه‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ یه‌كده‌نگ بن."

د.ح

 


AM:10:45:07/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو