رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان.. ئێران ڕەخنەی لێ گرت و سعودیە پێشوازی لێ دەکات



وێستگە نیوز- 
واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان-ی ئەفغانستان کە ئێوارەی دوێنێ شەممە ئەنجامدرا، هەڵوێستی جیاوازی لەنێوان دوو دەوڵەتی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ کەوتەوە. 

عەرەبستانی سعودی ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان کرد کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەڕ واژۆ کرا. 

لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دژی ئەو ڕێککەوتنە وەستایەوەو ڕایگەیاند، رێککەوتنەکە شەرعیەت بە بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبەخشێت. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١ ی ئازار- ی ٢٠٢٠ لە بەیاننامەیەکدا دژایەتی خۆی بۆ رێککەتنەکە پیشاندا و دەڵێت، " ئەم ڕێککەوتنە شەرعیەت بە بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبەخشێت". 

بەیاننامەکەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونێکی یاسایی لە ئەفغانستان نیە تا بتوانێت ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکات یاخود داهاتووی ئەفغانستان دیاریبکات". 

بەیاننامەکەی ئێران دەشڵێت، " رێککەوتنێکی ئاشتی بەردەوام لە ئەفغانستان تەنها لە رێگەی گفتوگۆی نێوان ئەفغانیەکان و بەشداری سەرجەم پارتە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە دەبێت لەناویشیاندا تاڵیبان بە ڕەچاوکردنی دەوڵەتانی دراوسێی ئەفغانستان". 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، " ئێران پێشوازی لەهەر پێشڤەچوونێک دەکات بەرەو ئاشتی لە ئەفغانستان هەنگاو بنێت و پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات لەم چوارچێوەیەدا کە لە ژێر ئاراستە و فەرمانداری ئەفغانیەکان خۆیاندا بێت، تارانیش ئامادەیە هاوکاری پێشکەش بکات لە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لە وڵاتەکەدا لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەروەری و یەکێتی خاکی ئەفغانستان". 

لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی لە ڕێککەوتنەکەی دوێنێی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان کرد و ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە ڕۆڵی دەبێت لە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ کۆماری ئیسلامی ئەفغانستان و بەکەڵکیشە بۆ ئاسایش و ئاشتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی". 

هاوکات سعودیە هیوای خواستووە ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی وەستانێکی تەواوەتی و هەمیشەیی شەڕ، " ئاشتی هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان بگرێتەوە و بەشداربێت لە بەدیهێنانی خواست و هیوای گەلی ئەفغانستانی برا و وڵاتە گەشە بکات و بدرەوشێتەوە". 

ئێوارەی دوێنێ شەممە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ واژۆ کرا، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەش کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆیە لە ماوەی ١٤ مانگدا. 


ش . ر 



PM:03:42:01/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 4164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو