وه‌زیری ناوخۆ: شه‌فافانه‌ مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنا دەکەین

‌وەزیرانی ناوخۆو تەندروستی

وێستگه‌ نیوز ـ
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، راگه‌یاندنی پشوو بۆ خۆپاراستنه‌ له‌ په‌تای كۆرۆناو ده‌شڵێت، هاوڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌یان شه‌فافانه‌ ده‌بێت.


له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ بۆ وه‌زیرانی ناوخۆ و ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان سازكراوه‌، د. رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، مامه‌ڵه‌یان له‌پرسی كۆرۆنا زۆر شه‌فاف ده‌بێت.


راشیگەیاند، "داوا لە هەموو دام و دەزگا فەرمیی و تایبەتەکان دەکەین کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان رابگرن تا ناوچەکە پارێزراو دەبێت", دەشڵێت، "پارێزگارەکانمان سەرپشککردووە لەوەی ئەم بابەتە بە کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش رابگەیەنن".

باسی لەوەشکرد، "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین سەردانی‌ کەرکوک و نەجەف نەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم و عێراقدا نەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هاوڵاتیان بەشێکیان کە لە رێگەی سنورەکانی عیراقەوە دەگەڕێنەوە دوای پشکنین دەنێردرێنە ماڵەوە و قەرەنتینە ناکرێن، بەڵام لە هەرێم بڕیارمان داوە ئەو هاوڵاتیانەی لەو وڵاتانە دەگەڕێنەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدایە، قەرەنتینە بکرێن".

هەر لە کۆنفرانسەکەشدا سامان حسێن بەرزانجی، وەزیری‌ تەندروستی‌ هەرێم رایگەیاند، "تا ئێستا هەزار و 734 کەس کە لە سنورەکانی ئێران گەڕاونەتەوە لەژێر چاودێریدان"، دەشڵێت، "تا ئێستا 14 کەسی گومانلێکراو هەبووە و پشکنینی‌ 11 کەسیان پاکبووە و پشکنینی‌ سێ کەسیان دەرنەچووە".

وەزیری‌ تەندروستی‌ هەرێم راشیگەیاند، "لە 14 خاڵی‌ پشکنین لە نێوان شارەکاندا تیمی‌ پشکنینی‌ پزیشکیمان داناوە".


PM:08:39:26/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت