ئەمڕۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
خۆپیشاندانێک لە شاری سلێمانی. وێنە: ئەرشیف
وێستگە نیوز-
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 22ی شوباتی 2020، دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و چەند داوایەکی دیکە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
وەک لە ڕاگەیەندراوی لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانا هاتووە، "خۆپیشاندانەکە کاتژمێر 3 ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارەکانی هەرێم بەرێوەدەچێت".
یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ، "چارەسەرکردنی دەستبەجێی کێشەی سوتەمەنیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییان، وەک کارەبا، نەوت، غاز و ئاو و تادوایی. چونکە دەبێت ئەولەویەتی کاری دەسەڵات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت، نەک بۆ کۆمپانیاکانی دەسەڵات".
لە داواکارییەکی دیکەشدا هاتووە، " دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی گەنجان و بێکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان،وە هەروەها دامەزراندنی فەرمانبەری کاتی و مامۆستای گرێبەست و خۆبەخشەکان بە شێوەی هەمیشەیی".
دەقی داواکارییەکان:
ئێمە وەک ڕێکخەرانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی رۆژی شەممە، کۆمەڵێک داواکاری خۆپیشاندەران و هاولاتییان دەخەینە ڕوو، کە بریتین لە :
یەکەم. چارەسەرکردنی دەستبەجێی کێشەی سوتەمەنیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییان، وەک کارەبا، نەوت، غاز و ئاو و تادوایی. چونکە دەبێت ئەولەویەتی کاری دەسەڵات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت، نەک بۆ کۆمپانیاکانی دەسەڵات.
دووەم. دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی گەنجان و بێکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان،وە هەروەها دامەزراندنی فەرمانبەری کاتی و مامۆستای گرێبەست و خۆبەخشەکان بە شێوەی هەمیشەیی.
سێیەم. دەستبەجێ هەڵگرتنی باج و بارگرانیی لەسەر دوکانداران و کاسبکاران.
چوارەم. دەستبەجێ هەموارکردنەوەی یاسای بەناوچاکسازیی بەجۆرێک کەمتریین موچەی خانەنشینیی کەمئەندامان و هاوڵاتییان 500 هەزار بێت، و موچەی پلەباڵاکانی وەکو پەرلمانتار و وەزیر و کەسە حیزبییەکان هەڵبوەشێتەوە.
پێنجەم. دەستبەجێ پێکهێنانی لیژنەیەک لە یاساناسان و خەڵکانی تایبەتمەند لەنێو جەماوەر و هاوڵاتییانی کوردستان کە لە داهاتی نەوت، خاڵەسنوورییەکان و ناوخۆ بکۆڵێتەوە و بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکات کە چەندە و بۆکوێ دەڕوات و دەچێتە گیرفانی کێ.
شەشەم. دەستبەجێ دانانی ئالیەتێک بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران بەجۆرێک کە هەر فەرمانبەرێک مانگانە لەسەروو موچەکەیەوە بڕێک لە پاشەکەوتەکەی وەربگرێتەوە.
داواکارین لەو چین و توێژانەی کە هەست دەکەن مافیان خوراوە یاخود وەک پێویست دەسەڵات بەدەم داواکانیانەوە نایەت، ئەوا رۆژی شەممە ئامادە بن لەو خۆپیشاندانەی کە داکۆکی لە مافی ئەوان دەکات.
AM:09:54:22/02/2020
ئهم بابهته 3260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت