په‌رله‌مانتارێكی كورد: ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق ده‌ربڕی رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی هه‌ژاری نییه‌

‌وێنە.. گێتی

وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق پێی وایه‌ كه‌ ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی رێژه‌ی هه‌ژاری، ده‌ربڕی رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی هه‌ژاری نییه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتوه‌، د.رێبوار که‌ریم، پەرلەمانتاری كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاندوه‌: "سەبارەت بە ئامارە درۆینەکەی هەژاری، لەدوێنێوە ئامارێک بەناوی وەزارتی پلاندانانی عیراق و دەزگای ناوەندی بۆ ئامار بڵاوبوه‌تەوە، هەر زوو زۆر کەسایەتی، میدیا، کاربەدەستی خستە هەڵەوە."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ بۆ سەلماندنی راستودروستیی ئەو ئامارە پەیوەندیی کردوه‌ بە بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق و ئەوانیش بەرچاورونی تەواویان پێداوه‌ و دواتریش بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. 

د. رێبوار راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ هەرچەندە خۆشبەختانە لەبەیاننامەکەیاندا هێشتا رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان نزمە، بەڵام بەداخەوە ئەوە دەرخەری هەژاری راستەقینە نییە، چونکە: بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2018 راگەیەنراوە، هێڵی هەژاری لەعیراقدا بە 3.2 دۆلار واتە نزیکەی 4 هەزار دیناری عیراقی رۆژانە دیاریکراوە. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئەگەر كه‌سێك رۆژانە 4 هەزار دیناری کەمتر دەستبکەوێت، ئەوا كه‌سێكی هه‌ژاره‌ چونكه‌ لەمانگێکدا دەکاتە 120 هەزار دینار. ئەم ئامارەی عیراقیش پشتی پێبەستوە هەر ئەو رێژەیەیە.

په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ پرسیار لێرەدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا" 120هەزار دینار بەشی چی دەکات بۆ خێزانێکی عیراق و کوردستان؟ کرێ خانوو؟ کارەبا؟ هاتوچۆ؟ خواردن؟ ئاو؟ نەوت؟ غاز؟ جلوبەرگ؟....هتد، بێگومان بە تەنها 120هەزار لەکوردستان و عیراق بەشی ئەوانە ناکات، هەربۆیە بەداخەوە ئەو ئامارە دەربڕی رێژەی راستەقینەی هەژاری نییە نە لە عیراق نە لە کوردستان."

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وەزارەتی پلاندانانی عیراق، ئامارێكی بۆ رێژه‌ی هه‌ژاری بڵاوكرده‌وه‌ و به‌پێی ئاماره‌كه‌ رێژەی هەژاری لە پارێزگای سلێمانی كەمترین و لە پارێزگای موسەنا بەرزترینە، بەجۆرێك كە رێژەی هەژاری لەو پارێزگایە لە 50%ی تێپەڕاندوە.


PM:10:59:16/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو