پارێزگای هه‌ولێر بۆ پارێزگای سلێمانی: به‌بێ یه‌كتر بێ هێز و لاواز ده‌بین

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
له‌ نامه‌یه‌كیدا بۆ پارێزگای سلێمانی، پارێزگای‌ هەولێر نامەیەکی بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌ نارد و رایگه‌یاند، هەولێر و سلێمانی‌ دووانەیەکن بەبێ یەکتر لاواز و بێهێز دەبن.


رۆژی شەممەی رابردوو ژمارەیەک گەنجی شاری سلێمانی پەیامی پارێزگای سلێمانی و خەڵاتی رێزلێنانی تەبایی و خۆشەویستی خەڵکی سلێمانییان گەیاندە فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆش پارێزگاری هەولێر بەنامەیەک وەڵامی پارێزگاری سلێمانی دایەوە.

فرسەت سۆفی‌، پارێزگاری هه‌ولێر لە نامەکەیدا نووسیویەتی‌: "لە هەولێری دێرین پەیامی ئاشتی و تەبایی و یەکبوونتان بۆ دەنێرین و لە ناخی دڵمانەوە پێتان دەڵێین بەقەد قەڵا و مناوە و تەعجیل و خانەقا و تەیراوە خۆشەویستیمان هەیە بۆ سەرچنار و گۆیژە و عەلی ناجی و هەوارە بەرزە".

پارێزگاری هەولێر لە نامەکەیدا ئەوەشی‌ نووسیوە، "لەپێناو سڕینەوەی شوێنەواری رۆژە سەختەکان دەبێ رێگەی نوێ و بازاڕی هاوبەشی ئابووری و پەرەپێدانی کولتووریی هاوبەش لە نێوانمان دروستبکەین".

فرسه‌ت سۆفی دەشڵێت، "سلێمانی بەتەنها بۆ هەولێر دەستەخوشک نییە، ئێمە دووانەیەکین بەبێ یەکتر لاواز و بێهێز دەبین، لەپێناو ئەوەی رووحی شەهیدەکانمان بە ئاسوودەیی بمێنێتەوە دەبێ بەیەکەوە بین و یا ئەبەدیش بەیەکەوە بمێنینەوە".

هاوکات هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیدا پەیامی یەکتر تەواوکردن و ئاشتیی و خۆشەویستیی و لێبوردەیی پارێزگای سلێمانی بۆ پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک و هەڵەبجەو ئامەدو قامیشلۆو سنەو هەموو گوندو دوندو ئاوەدانی و شارو شارۆچکەیەکی کوردستان و سەرجەم مرۆڤایەتی دووپاتکردەوە.

وتیشی: "بە ئومێدی ئەوەی تەونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و تان و پۆی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و رایەڵەکانی ئارامیی دەرونیی ڕاست و دروستانە بچێنەوەو کۆتایی بە ڕق و تۆڵە و غەدرو غوبن و غیرەو شەڕو نەهامەتیی و کەرتکردن و لەتکردن و پەرتکردنی یەکتر بهێنین".

هــ. ر

 


PM:01:35:15/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو