ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێكی بۆ ئاگربەست لە لیبیا دەركرد


وێستگە نیوز-
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشتبەستن بە ئەنجامی لووتکەکەی بەرلین، بڕیارێکی پەسەندکرد کە تیایدا داوای پابەندبوون بە ئاگربەست لە لیبیا دەکات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوەکەدا داوا كرا لایه‌نه‌كان پابه‌ندبن به‌ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تایبەت بە قه‌ده‌غه‌كردنی ناردنی چه‌ك بۆ لیبیا، هه‌روه‌ها وڵاتانی دیكه‌یش ده‌ستوه‌ردان و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له لیبیا بوه‌ستێنن.

بڕیارەکە بەژمارە "٢٥١٠ " لەلایەن ١٤ وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەنگی لەسەر دراوە و رووسیا نەبیت کە دەنگی لەسەر نەداوە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە تەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبێنزیا پەسەندکردنی بڕیارەکەی وەک راکردنێک لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی لەقەڵەم داو و گوتی: "باشتربوو بەرلەم بڕیارە، چاوەڕاوانمان بکردبایە تا لیژنەی هاوبەشی سەربازی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا و خەلیفە حەفتەر لەمیانی کۆبوونەوەکانی نێوانیاندا، دەگەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئاگربرست و دواتر ئێمە بە بڕیارێک پاڵپشتیمان لێ دەکرد".

لە بڕیارەکەدا داوا لە لایەنەکانی لیبیا کراوە کە گرنگە پابەندی ئاگربەست بن، جگە لەوەش داوا لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەکردنی ناردنی چەک بۆ لیبیا بەپێی بڕیاری ژمارە "١٩٧٠" بۆ ساڵی ٢٠١١ .
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکەیدا، ئیدانەی ئەو گەمارۆییەی کردووە کە بەم دواییانە لەلایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەرەوە خراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی لیبیا و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە لەپێناو بەرژەوەندی گەلی لیبیادا، پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەو وڵاتە دەست پێبکرێتەوە.

لە بڕیارەکەدا داوا لە یەکێتیی ئەفریقا و کۆمکاری عەرەبی کراوە کە چۆنیەتی پاڵپشیتکردنیان لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا دیاری بکەن، هەروەها داوا لە لایەنەکانی لیبیاش کراوە کە بگەڕێنەوە سەر رێرەوی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان بەو ئاراستەیە چارەسەر بکەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە لایەنەکانی لیبیا کردووە کە بەتەواوی پابەندبن بە یاسای نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، نیگەرانی خۆشی لە هەمبەر زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە لیبیا نیشانداوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە هێشتا رەوشی لیبیا هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەست بە نیگەرانی دەکات لە هەمبەر ئەو چالاکییانەی کە لەوانەیە زیان بە دامەزراوە فەرمییەکانی دارایی و نەوتی لیبیا بگەیەنن و داواشی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کردووە کە راپۆرتێکی ورد سەبارەت بە کارەکانی لیژنەی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ لووتکەکەی بەرلین پێشکەش بە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.

د.ح
 


AM:11:06:13/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو